دەرکەوتنی وەزری بەرگری کەنەدا بە جلوبەرگی هیندیەوە مایەی سەرسوڕمانبوو بۆ زۆرێک لە ئێمە کە زانیاری تەواوی لەسەری نیە.
میدیا جیهانیەکان بڵاویانکردەوە هەرجیت ساجان، وەزیری بەرگری کەنەدا لە خانەوەدایەک لەسەر ئاینی سیخی لە شاری پونجابی هیندستان لەدایکبووە و لە تەمەنی ٥ ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی کۆچی بەرەو کەنەدا کردووە و لە شاری ڤانکوڤەر بوونەتە پەناخواز و دواتر مافی هاوڵاتیبونیان لە کەنەدا وەرگرتووە.
هەرجیت لە ٤ ی مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا بە وەزیری بەرگری کەنەدا هەڵبژێدردا.
ساجان چەندین ساڵ لە دامودەزگا ئەمنیەکانی کەنەدا کاری کردووە ،لە ساڵی ١٩٨٩ لە سوپای کەنەدا ڕاوێژکاربووە و دواتر بەشداری شەڕەکانی بۆسنیا و ئەفغانستانی کردووە.
ناوبراو لە سەربازیدا چەندین خەلاتی پێدراوە ، کە یەکێکیان خەڵاتی مەدالیای ڕێزلێنانبووە لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی تاڵیبان لە قەندەهار کە بەهۆی زانیاریەکانیەوە لە کلتورە ناوخۆییەکان و داینامیکی هۆزەکاندا توانی ڕاوێژ بە فەرماندە باڵاکانی کەنەدا بکات و چەندین سەرکردەی تاڵیبان دەستگیربکەن “.
ساجان لە پێش کاری سەربازی بۆ ماوەی ١١ ساڵ پۆلیس بووە لە شاری ڤانکوڤەر و لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ماوەیەک دووبارە گەڕایەوە بۆ ئەفغانستان و لە ڕێگەی گروپێکی کەنەداوە هاوکاری پۆلیسی ئەفغانستانی کردووە.
وەزیری بەرگری کەنەدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی زە ڤانکوڤەر سەن، باسی لەوەکرد لە سەردەمی هەرزەکاریدا تێکەڵی کۆمەڵێک مێردمنداڵی خراپبووە، هاوپۆلی بیندی جۆهالی ئەندام مافیابووە کە لە ساڵی ١٩٩٨ کوژراوە.
ساجان ئاماژەی بەوەدا لەدوای کوژرانی جۆهال بریاریداوە گۆڕانکاری سەرتاسەری لە ژیانیدا بکات و لە ئاینی سیخدا پیرۆزبکرێت ، هەروەها وتیشی ” پیرۆزکردنم لە ئاینەکەدا مەبەستێکی ئاینی لە پشتەوە نەبوو تەنها دەمویست لەسەر ڕێگایەکی ڕاست بمێنمەوەو لادان نەکەم”.
دوای ئەوە ساجان بوو بە پۆلیس و ژمارەیەک لە هاوپۆلە کۆنەکانی خۆی دەستگیرکرد.
لە بەپێی یاسا سەربازییەکانی کەنەدا ئەو کەسەی لە وەزارەتی بەرگری کار دەکات و سەربازە نابێت ڕیش و سمێڵی هەبێت بەهۆی هەندێک لە ڕێکاری سەربازییەوە بۆ نمونە لە سەرکردنی ماسک دژی گازە ژەهراوییەکان، بەڵام کەنەدا بۆ ساجان ماسکێکی تایبەتی درووستکردووە و ڕێگای داوە ڕیش و سمێڵی هەبێت.