دیاریکردن و دەستکاریکردنی نرخی ڕسومات و کرێی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەلایەن دامەزراوە حکومییەکانەوە، یەکێکە لە پرسە هەرە هەستیار و سێکتەرە کاریگەرەکانی پەیوەندیدار بە ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان وکاروکاسبی. لەسەر ئاستی یاسایی و ئابوری، ڕسومات تەنها ژمارەیەک نییە کە بە بڕیارێکی ئیداری ڕۆژانە یان بە ئارەزوی دەسەڵاتە خۆجێییەکان بگۆڕدرێت، بەڵکو ئامرازێکی ڕێکخستنی دارایی و کۆمەڵایەتییە و دەبێت ڕاستەوخۆ بەپێی یاسا نرخاندنی بۆ بکرێت و چیتر لە ژێر ڕەحمەتی بڕیارە جیاوازەکانی حکومەتە خۆجێییەکاندا نەمێنێتەوە.
پۆلێنکردنی ئابوری بۆ ڕسوماتەکان ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە سروشتی ئەو خزمەتگوزارییەی کە پێشکەش دەکرێت و ئەو لایەنە حکومیەی کە کۆی دەکاتەوە. کاتێک پرۆسەی دیاریکردنی نرخەکان لە چوارچێوەی یاسایی دەربچێت و بدرێتە دەست دەسەڵاتە خۆجێییەکان یان ئیدارە ناوچەیییەکان، دەەروازەیەک بۆ ناشەفافییەت و سەپاندنی هەڕەمەکیانەی ئەرکی دارایی دەکڕێتەوە. ئەم حاڵەتەش دەبێتە هۆی دروستبونی جیاوازی سەیر لە نێوان شارێک بۆ شارێکی تر، یان لە نێوان یەکە کارگێڕییە جیاوازەکاندا، کە تێیدا کاسبکاران و هاوڵاتیان لە ناوچەیەکدا بارگرانی دارایی زۆرتریان دەکەوێتە سەر بە بەراورد بە ناوچەیەکی تر لەکاتێکدا هەمان خزمەتگوزاری وەردەگرن.
ئەم دەستکاریکردنە هەڕەمەکییە زیاتر لە سێکتەرە بەربڵاوەکاندا رەنگدەداتەوە کە بە شادەماری ئابوری ڕۆژانەی خەڵک و کاسبکاران دەژمێردرێن. بۆ نمونە، ڕسوماتەکانی پەیوەندیدار بە دەرکردنی مۆڵەتی تەندروستی و ڕێگەپێدانی کارکردن بۆ کارمەند و کرێکارانی سوپەرمارکێت، دوکان، هۆتێل و چێشتخانەکان، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بژێوی هەزاران خێزان و نرخی کۆتایی کاڵاکان دادەنێن. کاتێک ئەم شایستە داراییانە بەبێ بنەمای ئابوری ڕون و تەنها بە ڕێنماییەك بەرز دەکرێنەوە.
جگە لەوەش، لێکەوتەکان زۆر لەوە بەربڵاوترن و کەرتی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنانی ناوخۆیی دەگرنەوە وەک کرێی مۆڵەتی بیناسازی و مۆڵەتی کارکردنی پیشەیی و بەکرێدانی موڵک و کرێی تابلۆی ڕیکلام بۆ دوکانەکان. کاتێک دەسەڵاتە خۆجێییەکان بە ویستی خۆیان و بە مەبەستی پڕکردنەوەی کورتیەکانی بوجەکانیان دەستکاری ئەم کرێیانە دەکەن، جۆرێک لە نادیاری ئابوری و بارگرانی دروست دەکەن کە توانای گەشەسەندنی کاسبییە بچوک و ناوەندەکان لاواز دەکات.
لە لایەکی ترەوە، سەپاندنی ڕسوماتی بەرز و ناڕون لەسەر مۆڵەت و بەڵگەنامە کەسییەکان کە هاوڵاتیان بۆ ڕاپەڕاندنی مامەڵە ڕۆژانەییەکانیان پێویستیان پێیەتی، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی متمانەی گشتی بە دامەزراوەکان.
دیاریکردن و دەستکاریکردنی نرخی ڕسومات و کرێی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و دابڕاو لە یاسا، کۆمەڵێک لێکەوتەی ڕاستەوخۆ و وێرانکەر بەسەر سەرجەم جومگەکانی چالاکی ئابوریدا بەجێدەهێڵێت. کاتێک دەسەڵاتە خۆجێییەکان بەبێ پشتیوانی یاسایی ڕون و تەنها لەسەر بنەمای “پێویستیی دارایی خێرا” دەستکاری ئەم نرخەنە دەکەن، یەکەم زەبر بەر بنەمای جێگیریی ئابوری دەکەوێت. وەرگرتنی ڕسوماتی بەرز و جیاواز ، تێچوی کۆتایی ئەنجامدانی کار و بازرگانی بە شێوەیەکی بەربەرچاو بەرز دەکاتەوە. ئەم بەرزبونەوەی تێچوەش ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ سەر نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، کە لە کۆتاییدا هێزی کڕینی هاوڵاتیان کەمدەکاتەوە و هەڵئاوسان لە بازاردا دروست دەکات.
لە لایەکی ترەوە، ئەم ناڕونی و هەڕەمەکییە ژینگەی وەبەرهێنان بەتەواوی شلۆق و نادیار دەکات. وەبەرهێنەران و خاوەن کارە بچوک و ناوەندەکان پێویستیان بە جێگیریی یاسایی و دارایی هەیە تا بتوانن پلانڕێژی درێژخایەن بۆ پڕۆژەکانیان بکەن. لە هەمان کاتدا، بەرزبونەوەی بارگرانی دارایی سەر کاسبکاران وا دەکات بەشێک لە کارگە و دوکانەکان توانای کێبڕکێیان نەمێنێت و ڕوبەڕوی داخران ببنەوە، یان ناچار بن ژمارەی کارمەندەکانیان کەم بپکەنەوە، کە ئەمەش بێکاری لە کۆمەڵگەدا زیاد دەکات. لە ئاقارێکی مەترسیدارتردا، کاتێک تێچوی مۆڵەت و بەڵگەنامە فەرمییەکان ناڕەوا گران دەکرێت، بەشێکی زۆری کاسبکاران پەنا بۆ ئابوریی سێبەر دەبەن وکە لە مەودای درێژخایەندا زیان بە سەرچاوەکانی داهاتی گشتی دەوڵەتیش دەگەیەنێت.
کاتێک ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتی دەسەڵاتی خۆجێیی تەنها کۆکردنەوەی داهات و پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بێت بە هەر شێوازێک کە بۆی بگونجێت، سیاسەتی دارایی لە ئامرازێکی ڕێکخستن و هاندانی بەرهەمهێنانەوە دەگۆڕێت بۆ تەڵەیەکی ئابوری کوشندە. جێبەجێکردنی ئەم جۆرە تێڕوانینە تەسکە لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی هەڕەمەکی و بەردەوامی ڕسومات، دەرئەنجامی کاتیی سەرنجڕاکێشی دەبێت، چونکە لێشاوی پارەی نەقدی خێرا دێنێتە ناو خەزێنەی ئیدارە خۆجێییەکان. بەڵام ئەم دەستکەوتە داراییە کاتییە کوێربونی سیاسەتی ئابوری دروست دەکات، بە جۆرێک دەسەڵاتی ناوخۆیی لە ساتی سەرکەوتنی کۆکردنەوەی داهاتەکەدا بێئاگا دەبێت لەو زەبرە وێرانکەر و نەبینراوانەی کە لە ژێرخان و سەرخان و ئابوری ناوخۆیی دەدات.
جگە لەوەش، ئەم سیاسەتە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی لاوازکردنی توانای دارایی و هێزی کڕینی بەکارهێنەران لە ڕێگەی گواستنەوەی تێچوەوە. خاوەنکاران بە هیچ شێوازێک ئامادە نین ئەو بارگرانییە داراییە بخەنە سە رقازانجی خۆیان ، بەڵکو دەستبەجێ زیادی دەکەنە سەر نرخی کۆتایی تێچوی کاڵاو خزمەتگوزاریەكان . لە کۆتاییدا هاوڵاتی ناچار دەبێت باجی ئەم نرخاندنە بەشێوەی هەڵئاوسانی ناڕاستەوخۆ بدات. کاتێک هێزی کڕینی هاوڵاتیان دابەزی، ئاستی خواستی گشتی لە بازاڕدا کەم دەکاتەوە و ڕاستەوخۆ داهاتی کاسبکاران دادەبەزێنێت.
سەرەنجام، بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگەی کاسبی و ڕێگریکردن لە بارگرانی ناپێویستی سەر شانی هاوڵاتیان، پێویستە حكومەت ڕێکخستنەوەی تەواو بۆ سیستم و خشتەی ڕسومات و کرێی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بکات لە ڕێگەی دەرکردنی یاسایەکی گشتگیر و ڕون. بەم هەنگاوە، نەک تەنها بنەمای شەفافییەت و یاساییبون لە هەڵسوکەوتە داراییەکانی حکومەتدا بەهێز دەکرێت، بەڵکو ڕێگە لە بریارە هەڕەمەکی و جیاکارییەکانی دەسەڵاتە خۆجێییەکان دەگیرێت و سەقامگیری بە ئابوری بازاڕ و ڕەوشی دارایی هاوڵاتیان دەبەخشرێت.