لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت نیشتیمان لە کورتە چیرۆکێکی عەزیز نەسیندا: کاتێک لە ماڵی خۆتدا نامۆ دەبیت !

نیشتیمان لە کورتە چیرۆکێکی عەزیز نەسیندا: کاتێک لە ماڵی خۆتدا نامۆ دەبیت !

0 تێبینییەکان 159 بینینەکان
عەزیز نەسینی چیرۆک نووسی داهێنەر لە یەکێک لە کورتەچیرۆکە پوخت و ڕمزئامێزەکانیدا، وێنەیەکی زیندوو و تراژیدی دابەشبوونی دەسەڵات، قەرز و لەدەستدانی خاک پێشکەش دەکات. چیرۆکەکە باسی خێزانێک دەکات کە لە ماڵێکی گەورەدا دەژیان؛ سەرەتا بە بیانووی پەیداکردنی پارە، دەست دەکەن بە بەکرێدانی ژوورێک، پاشان ژووری دووەم، سێیەم و هتد.
کاتێک پارەکە لە شتی بێسووددا خەرج دەکەن، کێشەی خزمه‌تگوزاریی کەمیی ئاو سەرهەڵدەدات، خێزانەکە ناچار دەبن بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە قەرز لە کرێکارەکان بکەن؛ سەرەتا بۆ چاککردنەوەی تۆڕی ئاو، پاشان بۆ ئاوەڕۆ و ڕێگاکانی باخچە دەکەونە قەرز. کاتێک توانای گەڕاندنەوەی قەرزەکانیان نامێنێت، دەرگا بەڕووی کەسانی نامۆی زیاتردا دەکەنەوە بۆ پارە تا دەگاتە ئەوەی باخچە و هەموو ماڵەکە داگیر بکەن و خێزانەکە تەنها پەنا بۆ سەر بانەکە بەرن؛ لە کۆتاییشدا دەبنە خزمەتکاری ئەو نامۆیانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان میوان یان کرێکار بوون لە ماڵەکەیاندا.
​لەو کاتەدا کوڕە گەورەکە هاوار دەکات و دەڵێت: (ئەم ماڵە چیتر ماڵی ئێمە نییە؛ ئێمە خۆمان لێرە بووینەتە نامۆ.) بەڵام باوکەکە تووڕە دەبێت و خێرا سندوقە نهێنییەکە دەکاتەوە و بەڵگەنامەیەکی کۆن دەردەهێنێت کە دەیسەلمێنێت ئەم ماڵە لە باپیرانیانەوە هی ئەوانە.
بڵاوبوونەوەی ئەم چیرۆکە ڕەمزییە کاردانەوەی توندی لێ دەکەوێتەوە و عەزیز نەسین دەستگیر دەکرێت. دادوەری سەربازی پێی دەڵێت: (مەبەستی تۆ لەم ماڵە، نیشتیمانە.) عەزیز نەسین یش بە بزەیەکی تاڵەوە وەڵام دەداتەوە: (ئەگەر ئەوەندە تێگەیشتنتان هەیە، بۆچی دەرگا و ژوورەکانی نیشتیمانتان بۆ نامۆکان کردەوە، تا بە قەرز و دیون دەستیان بەسەردا بگرن و ئێمە ببینە نامۆ لە نیشتیمانی خۆمان، هەرچەندە بەڵگەی موڵکداریشمان لە دەستدایە و پێی دڵخۆشین؟)
​ئەم چیرۆکە پەندئامێزە، هۆشدارییەکی مێژوویی و هەمیشەییە کە چۆن دەستبەرداربوون لە ئیرادەی سەربەخۆیی و پشتبەستن بە قەرزی دەرەکی، دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە نیشتیمانی خۆیدا ببیتە نامۆ، تەنانەت ئەگەر کۆنترین بەڵگەی مێژووییشی پێ بێت.
ئەگەر لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی و ماتریالیستییەوە لەم چیرۆکە بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت کە عەزیز نەسین تەنها چیرۆکێکی ئەدەبی ناگێڕێتەوە، بەڵکو نەخشەی ڕێگەی کاولبوونی ئابووری و کۆمەڵایەتیی سیستەمە مشەخۆرەکان دەخاتەڕوو. لە دیدی چەپدا، نیشتیمان تەنها نەخشە و دروشم نییە، بەڵکو کۆی سامانی گشتی، خاک، ژێرخانی ئابووری و کەرامەت و ڕەنجی کریکاران و جوتیاران و چینە زەحمەتکێشەکانە.
ئەو کێشەیەی لە ماڵەکەی چیرۆکەکەدا سەری هەڵدا، لە بنەڕەتدا کێشەی نەبوونی داهات نەبوو، بەڵکو کێشەی بەهەدەردانی سەروەت، گەندەڵکاری و نا توانایی و خراپ ئیدارەدان بوو لە بەڕێوەبردنی سامانەکەدا،  کاتێک چینە دەسەڵاتدارەکان یا ڕاستتر « نوخبەی دەسەڵات » ناتوانن ئابوورییەکی سەربەخۆ بنیاد بنێن، دەست دەکەن بە فرۆشتنی موڵکی گشتی و تەسلیمکردنی کایە حەیاتییەکان بە سەرمایەی دەرەکی و کۆمپانیا زەبەلاحەکان، بە ناوی پڕوپووچی “چارەسەری کاتی و ڕاکێشانی وەبەرهێنان”.
ئەم فۆرمولەیە زۆر بە زەقی لە واقیعی هەرێمی کوردستاندا ڕەنگ دەداتەوە؛ لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، دەسەڵاتی سیاسیی ناوخۆ بە ناوی قەیرانی دارایی، بی مووچەیی و کورتهێنانی بودجە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەوە، دەرگای ئەم نیشتیمانەی بە ڕووی تەماعکاریی دەرەکی، قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی، و تاڵانکردنی ژێرخاندا کردەوە،  ئەوان سەرچاوە سەرەکییەکانیان (وەک نەوت، غاز، زەوی و کەرتی گشتی) خستە ژێر ڕکێفی بەرژەوەندیی تەسکەوە، و لە بەرامبەردا هاووڵاتیی خۆیان لە ماڵی خۆیاندا کردە کرێکار و بێبەش.
ئەمڕۆ، هاووڵاتیی کورد لەسەر خاکی خۆی، لەبەردەم هەڵاوسان، بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکاندا، هەست بەو نامۆییە قووڵە دەکات کە کوڕە گەورەکەی ناو چیرۆکەکەی عەزیز نەسین هاواری بۆ کرد. لە بەرامبەریشدا، دەسەڵاتی سیاسیی چینایەتی و هەلپەرست، هەر کاتێک ڕەخنەی لێ بگررێت، پەنا بۆ “مێژوو، قوربانیدان، ئاڵا و بەڵگەنامەی ڕابردوو” دەبات، وەک ئەوەی شانازیی مێژوویی بتوانێت برسێتی، بێمافی و داگیرکاریی ئابووری بسڕێتەوە!
ئەم چیرۆکە پەندئامێزە، هۆشدارییەکی هەمیشەییە کە چۆن دەستبەرداربوون لە ئیرادەی سەربەخۆیی، پشتبەستن بە قەرزی دەرەکی و بەتاڵکردنەوەی ناوەڕۆکی نیشتیمان لە دادپەریی کۆمەڵایەتی، مرۆڤ لە خاکەکەی خۆیدا دەکاتە غەریب، تەنانەت ئەگەر هەزاران بەڵگەنامە و دروشمی ڕەنگاوڕەنگیشی لە دەستدا بێت.

ئەبو کاروان(عەبدولرەحمان فارس)

25/08/2026
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە