لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا دوژمن چی لێمان دەوێ؟ ئێمە چیمان دەوێ؟

دوژمن چی لێمان دەوێ؟ ئێمە چیمان دەوێ؟

0 تێبینییەکان 7 بینینەکان

هەندرێن ئەحمەد، رۆژنامەنووس و شڕۆڤەكاری سیاسی

بەر لە چەند ساڵێك كوردستان نموونەی پێشكەوتن ، سەقامگیری و پێكەوەژیان بوو بۆ سەر تاسەری عێراق. پڕۆسەیەكی ئاوادانكردنەوە تەواوی كوردستانی گرتبووەوە. ژمارەی زانكۆكان لە زیادبووندا بوون، وەبەرهێنانی جۆراوجۆ هەبوون، هاووڵاتی هەستی بەبوونی خۆی دەكرد و بەشداربوو لە بواری گشتییدا، گەشەپێدانی هەمەلایەنە بەرپاببوو. هەنووكە، گفتوگۆی سەرەكی گۆڕاوە. هاووڵاتییان سەرقاڵی هاتن و نەهاتنی مووچە، ململانێی سیاسی و پەككەوتنی پەڕلەمان و پێكنەهێنانی كابینەی نوێ ، ئاست و كێشەكان لەگەڵ بەغدا و لێكەوتەی ململانێی هەرێمایەتی لەسەر هەرێمی كوردستانن.

ئەو گۆڕانكارییە جەوهەرییە ، هەمووی خەتای بەرەی دژ بە كوردستان و باروودۆخی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی نییە، هەرچەندە كاریگەرییان هەیە و پێویستە لەبەرچاو بیگرێن. هەڵكەوتەی جۆگرافیای سیاسی و مێژوو لەبەرژەوەندی كوردستان نەبووە، ئەوە راستە، چونكە هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێ، دژبەرە نێوخۆیی و دەرەكییەكان، بەچاوی گومانەوە سەیری ئەزموونێكی سیاسی سەقامگیر و گەشە سەندووی هەرێمی كوردستان دەكەن. بەڵام تێكەڵ كردنی كۆی دۆخەكە بە تیۆری خەتای دووژمنە دەستەوەستانمان دەكات. ئەو بیركردنەوەیە هاوكاری گەلی كوردستان نابێ بۆ مسۆگەركردنی ئاییندەیەكی گەش.

وەرامی پرسیاری دووژمن چی لە ئێمە دەوێ؟ پێم وایە روونە، پەرتەوازەیی و ناسەقامگیری ‌و سەرقاڵ بوون بە بابەتە رۆژانەییە بێ ئەرزشەكان. دووژمن دەزانێ نەبوونی یەكگرتووی نێوخۆیی بەهێزترە لە گوشارە سیاسی و سەربازییەكان. بەڵام یەكگرتوویی و سەپاندنی حكومڕانی باش لە دەسەڵاتداری و بەهێزبوونی دامەزراوەكان و گەشەپێدانی ئابووری سەرچاوەی بەهێزی كوردستان دەبێت ، لەنێو عێراق و لەدەرەوەشییدا.

ئەزموونە سیاسییە سەركەوتووەكان تەنها بەهۆی دوومنەكانی ناڕوخێت، بەڵكو ئەو كاتە بارەكەی دەكەوێ، كە نەتوانێ هەڵە دووبارە بووەكانی راست بكاتەوە و لەنوێ بوونەوە بوەستێت. ئەوە ئالنگاری گەورەی بەردەم كوردستانە!.

جیهانی دەوربەرمان بە شێوەیەكی خێرا دەگۆڕێت. وڵاتی پێشكەوتوو تەنها بە سەرچاوەی سامانی سروشتی و داهاتی پێوانە ناكرێت، بەڵكو چەندە توانای بەرهەمهێنانیی مەعریفە ، زانست و تەكنۆلۆژیای هەیە. كۆریای باشور بەهێزە تەنها بەهۆی هێزی ئابوورییەكەی نییە، سەنگافورەش بەخۆڕایی نەبۆتە ناوەندێكی جیهانی بوژاندنەوە، بەڵكو كاریان لەسەر بوونیادنانی هاوڵاتیانی خۆیان و پێشخستنی پەروەردە و نوێكردنەوەی بەردەوامی دامەزراوەكانییان كردووە، گەلی فنلەندا چۆن بوونەتە خۆشگوزەرانترینی جیهان؟، چونكە پەروەردە و بواری گشتی بۆ هەمووان بەبێ جیاكاری كراوەیە.

كوردستان هێشتا لە بازنەی گفتۆگۆی هەندێك بابەت دەسووڕێتەوە، كە دەبوایە دەمێك ساڵ لەمەوپێش كۆتایی پێ بهاتبا، ئێستا رووە و ئاسۆییەكی فرەوانتر بچووباین. ئەوەتا بابەتی ململانێی سیاسی ، مووچە بابەتی رۆژن. لەكاتێكدا لاوانی كوردستان بە كچ و كوڕانی دەستەوەستانن بۆ دەستخستنی هەلی كاری یەكسانی شەرەفمەندانە، توێژینەوەی زانستی بێ توانایە لە پێشچاوخستنی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانی كۆمەڵگە و ئابووری و داهێنان.

پاراستنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بە گوتاری سیاسی جوان داڕێژراو دەست پێ ناكات، بەڵكو بە سەقامگیری ‌و بونیادنانی دامەزراوەی بەهێز، كاتێك هاووڵاتی هەست دەكات ئەو دامەزراوانە هی ئەوانە و مافەكانیان دەپارێزێت. رەخساندنی ژینگەیەكی باش بۆ توانای زانستی و داهێنەرانی بوارە جیاجیاكان دەستەبەری ئاییندەسازی دەكات، گەنجان ئومێدیان بە كاری نێو وڵاتی خۆی هەبێ نەك بیر لە رەوكردن بۆ پەناهەندەیی بكاتەوە.

نەتەوەكان لەجیهاندا ، تەنها بە ژمارەی حزب و رەوتە سیاسیەكانییان ناناسرێن، بەڵكو چ داهێنانێك لە بواری ئەدەب ، هزری نوێ، هونەر و سینما و زانست،  پێشكەشی مرۆڤایەتی دەكەن. كوردستان لە كوێی ئەم تابلۆیەدایە؟ ، چی پێشكەشی جیهان دەكات لە بواری مەعریفە و رۆشنبیری و داهێنان؟ ، هەرچەندە لەبواری سیاسییدا ، تاڕادەیەك سەركەتووش بێ بەڵام هەر سنووردارە لە چاو بەشداری شارستانی جیهانییدا.

وڵاتەكەمان پێویستی بە گۆڕینی بواری پەروەردەیە، بیكردنەوەی رەخنەگرانە بچێنێت نەك ئەزبەركردنی وانەكان، زانكۆی پێشكەوتوومان دەوێ مەعریفە بەرهەم بهێنێت نەك بڕوانامە ببەخشێت، میدیا بەگشتی بەشدار بێ لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری نەك بەشێك بێ لە لێكترازانەكان، پێویستمان بە ژینگەیەكە گەنجانی وڵات هەست بكات بەشێكە لە جیهان، توانای ركابەری ، داهێنان و بەشداری لە دروستكردنی ئایندەی مرۆڤایەتییدا هەیە.

رۆڵەكانی وڵات ئەوەندەی خاڵی هاوبەشییان هەیە، كەمتر خاڵی ناكۆكی، ئەگەر بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی ، پاراستنی دەستكەوتە دەستووریی ‌و سیاسییەكان ، ئامانج بێ ، رۆشنبیرییەك بچێندرێت لەسەرووی بەرژەوەندیی حزبیی بەرتەسكدا بێ.

وەكو لە بەراییدا باسی ئەوەم كرد دووژمن چیی دەوێ ، بەڵام ئێمە دەتوانین چ پێشكەشی ئاییندەی خۆمان و مرۆڤایەتی بكەین؟. پێویستمان بە پێداچوونەوەیەكی قووڵ و قوتابخانەی هزری تۆكمە هەیە ، دەرفەت بۆ داهێنانی بوارە جیاجیاكان برەخسێنێت، با دامەزراوەیەكی نیشتمانی بێ ، ئازایەتی ئەوەی هەبێ بە هزرێكی رەخنەگرانە هەڵەكان دەست نیشان بكات و چارەسەر بخاتە روو، با میدیاییەكی نیشتمانی دوورە حزبی هەبێ بۆ پڕۆژەی نیشتمانسازی كار بكات، با ئابووری بازاڕ هەبێ، هەلی یەكسانی كار بڕەخسێنێت ، قۆرخكاری نەهێلێت. با هەستێكی مرۆ دۆستانە گەنجانی وڵات پەروەردە بكات. كاتی ئەوە هاتییە ، گەلی كوردستان لە گەلێكی ستەم لێكراو، خۆی بۆ گەلێكی داهێنەرانە بگۆڕێت، ئەوە كڕۆكی پرۆژەی داهێنەرانەی نیشتمانی دەبێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، جێگەی ئومێدی ملۆنەها مرۆڤە، چەندین قۆناخی هەستیار و ناهەمواری تێپەڕاندووە، بەڵام ئەركی زۆری لە پێش ماوە، هەوڵی رەخساندنی زەمینەی گۆڕانكاری بەرەو پێشكەوتن بدات. ئەركی سەركردە سیاسییەكانە، گەلی كوردستان بەدوور لە ئینتمای حزبی، هەموو تواناكانیی لە خۆ بگرێت، دەستەبژێری هەڵكەوتووی نیشتمانپەروەر لەخۆی نزیك بكاتەوە، بەهاوبەشی ئەركە گەورەكانی دابنێ، پڕۆژەی بەشداری لە شارستانییەتی جیهانیی بكاتە ئاسۆ بیینی خۆی، بوار بۆ دیدی رەخنەگرانەی بونیادنەر بكاتەوە، ئەو كاتە پڕۆژەی نەیارانی كوردستان پەك دەخات، “هەموو شتێك لە پێناو كوردستان” وەڵامی گەل دەبێ بۆ جیهان.

 

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە