کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا لە دوایین بڕیاریدا سەبارەت بە دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، داوای دەستبەجێ ئازادکردنی هەردوو سیاسەتمەدارەکەی کرد.
کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا لە ٩-١١ـی حوزەیراندا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا، ١٥٦٣ـەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا کە لە لایەن تورکیاوە جێبەجێ نەکراون، سەرلەنوێ پێداچوونەوەیان بۆ کرا و ئاماژە بەوە کرا کە سەڵاحەدین دەمیرتاش و زیندانییە سیاسییەکانی تر بە ئامانجی سیاسی دەستگیرکراون. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لە کۆبوونەوەکاندا ‘مافی هیوا’ نەخرایە ڕۆژەڤەوە.
کۆمیتەی وەزیران تیشکی خستە سەر بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە سەڵاحەدین دەمیرتاش و ڕایگەیاند، بەڵگەکانی دادگا ناوخۆییەکان بۆ ڕەوایەتیدان بە مانەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، لە ئاستی پێویستدا نین و داوای دەستبەجێ ئازادکردنیان کرا.
لە بڕیارەکەدا هاتووە، دۆخی ئەو داواکارانەی کە پێشتر لە هەمان دۆسیەدا بوون و ئێستا لە زینداندا نین، بە ئەرێنی پێشوازی لێکراوە.
کۆمیتەکە داوای لە بەرپرسانی تورکیا کردووە، ڕوونی بکەنەوە ئایا پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە بورجو چەلیک ئۆزکان دوای بڕیارەکانی دادگا، مافی خۆبەربژێرکردنی لە هەڵبژاردنەکاندا پاراستووە یان نا.
هەروەها لە بەرپرسان داواکراوە، سەرجەم لێکەوتە نەرێنییەکانی دۆسیە سزاییەکانی سەر داواکاران هەڵبگیرێن و لەوانەش مافی هەڵبژاردن و دەنگدانیان سەرلەنوێ بۆ بگەڕێندرێتەوە.
کۆمیتەی وەزیران بڕیاریدا کە بەردەوام بێت لە هەڵسەنگاندنی دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ لە ١٥٦٩یەمین کۆبوونەوەی مافەکانی مرۆڤدا، کە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا بەڕێوەبچێت.
کۆمیتەکە هۆشداریشی دا، بە بەرپرسانی تورکیا کە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی چارەسەرکردنی پرسی کورددا، زانیاری بدەن لەسەر ئەو هەنگاوانەی نراون یان پلانیان بۆ داڕێژراوە. ئەم هەنگاوانە بەپێی پێشنیارەکانی “کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی” چاودێری دەکرێن.
کۆمیتەکە پێشتر لە کۆبوونەوەی مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا، ئەو دۆسیەیەی کە ڕێبەر ئاپۆشی تێدابوو و بە “گرووپی قوربان” دەناسرێت، هەڵسەنگاندبوو. ئەو کاتە لە تورکیا داواکرابوو کە زانیاری لەسەر گۆڕانکارییە یاساییەکان بخاتەڕوو.
بەڵام لە کۆبوونەوەی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا، بابەتی “مافی هیوا” نەخرایە ڕۆژەڤەوە و هیچ هەڵسەنگاندنێکی لەسەر نەکرا.