ئا: هێڤی ئاوات-ئاوینە
لەکوردستان ژمارەی ئەو ژنانەی زیاتر لەکارێک دەکەن زیادیکردووە، ژنێک دەڵێت “منو هاوسەرەکەم، هەردووکمان کاردەکەینو پارە پاشەکەوت دەکەین بۆ ئەوەی لەکرێچێتی رزگارمان بێو خانوویەک بەدەستبهێنین”.
تەلار (ناوێکی خوازراوە)، چێشتلێنەرو فرۆشیاریشە، زۆربەی کات هەردووکیان لەیەک ڕۆژدا دەکات، هاوشێوەی ئەو، سەدان ژن کاریگەری قەیرانی داراییو دواکەوتنی مووچەو هەڵاوسانی ئابوریو گرانبوونی شمەکیان لەسەرە.
تەلار بەئاوینەی وت “هەفتانە چوارجار کاتژمێر ٦ی بەیانی لەخەو هەڵدەستمو کاتژمێر ٧ی بەیانی دەگەمە شوێنی کارەکەم لەکۆمپانیایەک بۆ ئەوەی خواردن بۆ کارمەندەکانی ئامادەکەم، دوای چوار کاتژمێر، کە ئەوێ بەجێدەهێڵم دەچمە قوتابخانەیەکی نزیک ماڵەوەمان لەحانووتەکەیدا لەفەی مریشکو نۆکاوم ئامادە دەکەمو دەفرۆشم، لەرەمەزانی رابردووشدا کەقوتابخانە نەبوو، لەفڕنێکدا کولێرەو کەلانەم دەکرد”.
وتیشی “تەمەنم ٣٨ ساڵەو سێ منداڵم هەیە، ئەگەر بتەوێ ژیانت باش بێت، تەنها بەئیشێک ژیانت ناڕوا بەڕێوە، هەرچەندە زۆر هیلاکو ماندوو دەبمم، بەڵام ناچارم، منو هاوسەرەکەم، هەردووکمان کاردەکەینو پارە پاشەکەوت دەکەین بۆ ئەوەی خانوویەک بەدەستبهێنینو لەکرێچێتی رزگارمان بێت”.
داتا نافەرمییەکان دەریدەخەن کە ڕێژەی بێکاریو هەڵئاوسانی ئابوری لەهەرێمی کوردستاندا بەرزە، ساڵ بەساڵ نرخی شتومەک بەرزتر دەبێتەوەو داهاتی زۆربەی تاکو خێزانەکانیش یان وەک خۆیانن یان کەم دەبێتەوە، ئەمەش وایکردووە لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە دوو کار دەکەن زیادی کردووە.
هەرچەندە لەساڵانی پێشووتردا زیاتر پیاوان باو بووە کە دوو کار بکەن، بەڵام ئێستا ژنانیش خەریکە دوو کار دەکەن.
بەیان، ژنێکی تەمەن ٤١ ساڵەو کارمەندە لەفەرمانگەیەک؟و هەفتانە دوو رۆژ بۆ سێ رۆژ دەوام دەکات، ئەمەش دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساندووە کە دوای نیوەڕوانو ئێواران لەکلینکێکی پزیشکی کاری پسوڵەبڕینو پاککردنەوە بکات، ئەو وتی “لەوەتەی قەیرانی سەری هەلداوەو مووچە دوادەکەوێت، بەزەحمەت مووچەکەم بەشی دوو هەفتە دەکات، منداڵەکانم گەورە بوونو دوو کچم لەزانکۆنو پێویستیان بەپارەیە، بەدوو کاریش هێشتا لەکۆتایی مانگدا سەد دۆلاریشم پێ پاشەکەوت ناکرێت”.
وتیشی “بەم رۆژگارە دەبێت خەریکی راکە راک بمو خوا خواشمە نەخۆش نەکەوم، چونکە پارەی چارەسەرم پێنییەو دڵیشم بەوە خۆشە کە رۆژانی هەیینی پشوومەو کاتێکم بۆ خێزانەکەم هەیە”.
ئەم ژنانە، نمونەیەکن لەسەدان ژن، کە جگە لەکارکردن لەدەرەوە بۆ بەدەستهێنانی داهات، ئەرکی پاککردنەوەو بەڕێوەبردنی ماڵو بەخێوکردنی منداڵیشیان لەسەرە.
سیروان عەبدولکەریم، ئابوریناس ئاماژە بەوە دەکات کە هەڵئاوسانەی لەساڵانی ڕابردوودا کوردستان بەخۆیەوە بینیوەو بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاو شمەک، وایکردووە زۆرێک لەوانەی بەڕێوەبردنی خێزانیان لەئەستۆدایە بیر لەوە بکەنەوە کە چەندین کار وەربگرن، ئەو وتی “قەیرانی داراییو دواکەوتنی مووچەو نیوە دەوام، پاڵی بەخەڵکێکی زۆرەوە ناوە کارێکی تر بکەن، بەشێکی زۆری ئەو پیاوانەی تەکسییان پێیە یان لەمارکێتو بازاڕدا کار دەکەن، کارمەندن، ئێستا قوڵبوونەوەی قەیرانەکە پاڵی بەژنانیشەوە ناوە هەمان شت بکەن”.
وتیشی “دۆخێکی زۆر قورسە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی خێزانو منداڵیان هەیە، ئەو داهاتەی هەیانە بەشی چی بکات، رۆژ بەڕۆژ تێچووی ژیان بەرزتر دەبێتەوە، نرخی خزمەتگوزارییەکان، نرخی خۆراک، نرخی تەندروستی، نرخی کاڵاکان، هەموو شتێک بەرز دەبێتەوە”.
ئەم بارودۆخە ئابورییە خراپەی ڕووی لەهەرێمی کوردستان کردووە، خێزانی ناچار کردووە زۆربەی ئەندامەکانی بەژنو پیاوەوە کاربکەن بۆ ئەوەی کوالێتی ژیانیان لەئاستێکی گونجاودا بێت.
نەشمیل محەمەد، توێژەری کۆمەلایەتی باس لەوە دەکات کە سەرهەڵدانی قەیرانی داراییو کێشەی نەدانی مووچە، بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی چەندین دیاردە لەهەرێمی لەکوردستان لەوانە بەشداری رێژەیەکی زۆری ژنانە لەبازاڕی کاردا، ئەو بەئاوێنەی وت “ئەم دۆخە ئابورییە کارێکی وایکردووە کە خێزانە کۆنسەرڤاتیڤو کلاسیکییەکانیش کە پێشتر جگە لاکری حکومی پێیانخۆش نەبوو، کچو ژنەکانیان کارێکی تر بکەن، ئێستا رێگە بکچو ژنەکانیان دەدەن کاری تایبەت بەخۆیان یان لەبازاڕو کەرتی تایبەتدا کار بکەن”.
وتیشی “کاتێک ئافرەتێک کارێک یان دوو کار دەکات بەویستی خۆیو بیەوێت پشتگیری پیاوەکەی بکات لەدابینکردنی پێداویستی ماڵەکە ئەوە کارێکی زۆر باشەو شایستەی دەستخۆشییە، ئەمە دەرەنجامی ئەوپەڕی نادادپەروەری کۆمەڵایەتییە لەکۆمەڵگەی کوردیدا”.