لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت ئاهەنگێكی بە كۆمەڵ لە ئاسایش

ئاهەنگێكی بە كۆمەڵ لە ئاسایش

0 تێبینییەکان 77 بینینەکان
رەحمان غەریب:
بەشێك ئەوانەی كە لەناو دەزگای ئەمنی بەهۆی نوسین لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەشداری ناڕەزایەتییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ كاتژمێرێك یان زیاتر دەستبەسەر كراون، دەگێڕنەوە كە لێكۆڵەری بێ ئەزمون، نەشارەزا لە پرنسیپەكانی مافی مرۆڤ، خەیاڵی تەنها لای مۆبایلی دەستگییركراوانە، سەرەتای قسەكانی: ئادەی مۆبایلەكەتم بدەرێ، ئەگەر لەكاتی دەسگیركرنەكە ئاسایش بە شەق زەوتی نەكردبێت.
وای لێهاتووە ئاسانترین و خێراترین ڕێگاكانی كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەر كەسێك كە بۆ ئاوی خواردنەوە، بۆ شەقامێكی تەخت، یان بۆ موچەیەكی دزراو، ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، یان بۆ فرسەتی كاری یەكسان، بۆ كەرامەتی شكێنراوی، شەقامەكەی بەڕووی هاتوچۆ دادەخات، كە دەبرێنە دەزگای ئەمنی، خەیاڵی بەشێك لە لێكۆڵەری تەمبەڵ لای مۆبایلی ئەو بەدبەختانەیە، تا لە رێی پشكنینی مەترسییەكانی سەر ئاسایشی نەتەوەییمان بزانێت!
پاساوی ئەم رەفتارەیان كۆكردنەوەی زانیاری نییە لەسەر چیرۆكی ناتەواوی ئاسایشی نەتەوەیی، كە هەر بنكەیەكی ئاسایشی ئەم وڵاتە جۆرێك گێڕانەوەو خوێندنەوەی بۆ دەكات و، هەر بنكەیەكی ئاسایش جۆرێك حیكایەتخوانی تیایە، بەڵكو بۆ زانینی وشەی نهێنی (پاسۆرد)ی مۆبایلی دەسبەسەركراوانە كە بێ ئەوە گێڕانەوەكەیان ناتەواوە.
دەستبەسەركراون ئەندامی تۆڕی مافیای دەرمانی بەسەرچوو، یان مافیای مادەی هۆشبەرو یان بازرگانی كردن بەمرۆڤەوە نەبوون، چالاكوانان و بەشداربووانی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستانن، رۆژنامەنووسان رەخنەگرن، كە دەستگیردەكرێن لە دامەزراوەی ئەمنییدا، مۆبایلەكانیان زەوتدەكرێت و پاسوۆردیان لێ وەردەگیرێت، ئیتر دەبێتە ئاهەنگێكی بە كۆمەڵ بۆ شكاندنی مافی پاراستنی نهێنیی.
تا بەیانی هاور بكە: جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، گەرەنتی پاراستنی تایبەتمەندی دەكات و مۆبایلەكانیشمان بەشێكە لە ژیانی تایبەتی، ئەو مۆبایلەكەت لێوەردەگرێت لە پشتی مۆبایلەكە ناوی سیانی و پاسوۆردەكە دەنوسێت، بێ ئەوەی فەرمانی نوسراوی دادوەریان پیشان بدرێت. كام وێنەیە كام ڤیدۆیە لە مۆبایلكەی دەرهاتووە نازانرێت، بەڵام هەندێكیان لەكاتی لێكۆڵینەوەدا لە دژییان بەكارهاتووەتەوە.
ئینجا ئەندامانی پارتی و یەكێتی ئەوانەی وەك خەمخۆری كوردایەتی، مافی مرۆڤ خۆیان نمایش دەكەن، هەر دامەزراوەی بیركردنەوەو مەعریفەتیان، تا مەكتەبەكانی میدیا و رێكخراوی جەماوەری و دیموكراتییەكانییان، بۆ رازی و ناڕازییان: ئەرێ جیاوازی ئەم رەفتارەو، سانسۆری عەریفێكی دایەرەی ئەمنی بەعس چییە؟
تەنها زەمان گۆڕاوە لە سانسۆری تەلەفونی ئەرزی، بۆ تەلەفونی دەستی، ئەو بە نهێنی سانسۆری لەسەر تەلەفونی ماڵان دادەنا، ئێستا بە ئاشكرا ئەم مۆبایل دەپشكنێت.
پشكنینی مۆبایلەكان، كە فەرمانی دادوەری هەبێت زۆر دەگمەنە، ئەوەی بەربڵاوە، لە دەستی دادوەرەوە كەتۆتە دەستی ئەوانی تر. كاتی ئەوە هاتووە وەك خەمێكی گشتی و شكاندنی ماف و تایبەتمەندی هاووڵاتی كورستان تەماشای بكەین و ئەم فەرهەنگە بگۆڕین.
رەنگە ئەمجارەیان ئاسایشێك بە تۆ بلێت: ئادەی خێرا مۆبایل و پاسۆردەكەت.
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە