لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ عێراق به‌ره‌و كوێ ؟

عێراق به‌ره‌و كوێ ؟

0 تێبینییەکان 102 بینینەکان

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەریخست کە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق لە پێشەنگی کێبڕکێیەکەدایه‌، بەڵام ئەم سەرکەوتنە دەتوانێت بگۆڕێت بۆ “دۆڕان” لەکاتێکدا ڕوبەڕوی شەڕێکی سیاسی ئاڵۆز دەبێتەوە بۆ نوێکردنەوەی ئەرکەکەی، ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەنگاوەکانی ناو هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی “گەورەترین بلۆک” ده‌ستیپێكردوه .

بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی سودانی ملیۆنێك و 317 هه‌زار و 446 ده‌نگی لە 12 لە کۆی 18 پارێزگای عێراقدا بەدەستهێناوە و 46 کورسی مسۆگه‌ركردوه‌، بەوەش پێش هاوپەیمانی ته‌قه‌دوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشوی پەرلەمان و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی كه‌وتوه‌.

سودانی پێشەنگی ئەنجامەکانی گرتوه‌ لە هەشت پارێزگای سەرەکی، لەوانە بەغدا، نەجەف، کەربەلا، زیقار، میسان و بابل، هاوكات سەرکەوتنی حەلبوسی لە ئەنبار و سه‌ڵاحه‌دین و دیالە و هەروەها سەرکەوتنەکانی لە شارەکانی باشوری عێراق، گەڕانەوەیەکی بەرچاو بو بۆ سیاسەتمەدارێکی دیاری سوننە کە لە ساڵی 2023 لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی پەرلەمان دورخرابوەوە.

سودانی له‌ دوای هه‌ڵبژاردن ڕایگەیاند، هاوپەیمانییەکەی “بێ جیاوازی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەڕوی هەمو لایەکدا کراوەیە، کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ئیرادە و بەرژەوەندیی هەمو خەڵک، لەوانەش ئەوانەی بایکۆتیان کرد، چونکە عێراق بۆ هەموانە”، بە ئاماژەدان بە ڕەوتی سەدری بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر.

سەرەڕای ئەوەی پێشەنگ بو لە ئەنجامەکاندا، بەڵام شرۆڤەکاران پێیان وایە سودانی گەرەنتی پێویستی نییە بۆ ئەوەی وەک سەرۆک وەزیران بمێنێتەوە، غالب ده‌عمى، مامۆستاى ڕاگەیاندن لە زانکۆى کوفە، به‌ شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت-ی ڕاگەیاندوه‌، “پێشبینىکردنى سیناریۆکانى داهاتو لەم كاته‌دا قورسە، بەڵام دەکرێت بڵێین سودانى وەک کاندیدێکى ئەگەرى زۆر دەمێنێتەوە ئەگەر بتوانێت هەندێک لە ئەندامانى چوارچێوەى هەماهەنگى ڕازی بکات، چونکە ڕوبەڕوى ڤیتۆى نێودەوڵەتى نابێتەوە، بە پێچەوانەى پاڵێوراوانى دیكه‌وه‌ کە ڕەنگە لە دەرەوە قبوڵبکرێن، بەڵام ڕوبەڕوى ناڕەزایەتیى بەرچاو دەبنەوە له‌لایه‌ن لە هەندێک هێزی ناوخۆییەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “پاڵێوراوانی دیکەی ئەگەری هەیە بۆ ئەو پۆستە، لەوانە حەیدەر عەبادی و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق، بەدوری نازانرێت یەکێک لە سەرکردەکانی دەزگا ئەمنییەکانیش وەک بژاردەیەک بخرێتەڕو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، بەتایبەتی کە گۆڕاوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەتوانن لەم چوارچێوەیەدا یەکلاکەرەوە بن”.

هەرچەندە ناسنامەی سەرۆک وەزیران بابەتی کۆدەنگی ناوخۆییە، بەڵام یاریزانە سەرەکییەکان هاوسەنگییە ناوخۆییەکانی پەیوەست بە پێگەی دەسەڵاتی ئایینی لە نەجەف و کۆدەنگیی پایتەختە کاریگەرەکانی گۆڕەپانی عێراق و دیارترینیان واشنتن و تاران لەبەرچاو دەگرن.

هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە دیارترین هێزە شیعەکانی عێراق لەخۆدەگرێت، دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، دەستیان بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی “گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی” کرد، لە هەوڵێکدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نفوزی سودانی لەناو پەرلەمان و ڕەنگە پاڵنانی بەرەو هەڵبژاردنی بەدیلێک بۆ ئەو.

موختار موسەوی، سەرکردە لە ڕێکخراوی بەدر کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی چوارچێوەکە، لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “هێزەکانی هەماهەنگی دوای پەسەندکردنی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردن پێکهێنانی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی ڕادەگەیەنن”.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، “لیستەکانی هاوپەیمانی دەنگ و کورسی بەدەستهێنراون کە وایان لێدەکات لەگەڵ گەورەترین بلۆکدا بەردەوام بن، کە لە ڕوی دەستورییەوە بەرپرسیارە لە دیاریكردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ و مەرج نییە ئەم بلۆکە لەگەڵ هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بێت”.

بەگوێرەی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، هێزەکانی هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی کۆبونەوەیەکی داخراویان لە بەغدا ئەنجامداوه‌، بۆ تاوتوێکردنی دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتو، سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە ئامادەبوان باسیان لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەدریەکان کردوە، کە بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردوە و ئەگەری خستنە نێو چارەسەری سیاسییەوە بۆ ئەوەی هیچ نائارامییەک لە شەقامەکان نه‌بێت.

لەسەر ئاستی سوننە هاوپەیمانی ته‌قه‌دوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی پلەی دوەمی لەسەر ئاستی نیشتمانی بەدەستهێنا، ئەوەش کاریگەرییەکی بەرچاوی دانوستانکاری پێدەبەخشێت لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکانی داهاتودا.

چاودێران پێیانوایە بەرزبونەوەی ده‌نگه‌كانی حەلبوسی، ڕەنگدانەوەی پێویستی شەقامی سوننەیە بۆ “سەرکردایەتییەکی بەهێز کە توانای دەستەبەرکردنی مافەکانی و گەیشتن بەو هاوسەنگییە لەدەستچوە لەناو سیستەمی سیاسیدا هەبێت”، سەرەڕای ئەو ڕەخنانەی لە ساڵانی ڕابردودا بەرامبەر بە ئەدای حەلبوسی گیرابون.

سەبارەت بە حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی پێشەنگی خۆی لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت هەولێر و دهۆک و نەینەوا پاراست، هاوکات یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە قەڵای بەهێزی خۆی لە سلێمانی بردییه‌وه‌.

چاودێران دەڵێن، ڕەنگە ئەو دابەشکردنە پاڵ بە دو لایەنە گەورەکەی کوردستانەوە بنێت بەرەو لێکتێگەیشتنی نوێ لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان، دیارترینیان پشکی هەرێمی كوردستان لە بودجە و پرسی نەوت و گاز.

شرۆڤەکاران پێیانوایە پێکهێنانی حکومەتی داهاتو ئاڵۆزتر دەبێت لەوەی کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێشنیاری دەکەن، ئەوەش پێویستی بە تەوافوقی بەرفراوان هەیە کە لە دەرەوەی لایه‌نه‌كانی شیعە درێژدەبێتەوە بۆ ئەوەی هاوبەشە سوننە و کوردەکانیش بگرێتەوە.

حەسەن ئەلعەبودی، شرۆڤەکاری دۆخی عێراق دەڵێت، “سودانی لە سندوقی دەنگدان بە سەرکەوتویی دەرکەوت، بەڵام ڕەنگە ڕوبەڕوی کێشە بێتەوە لە دانوستانکردن لەگەڵ هەردو هاوپەیمان و نەیارەکانی”.

ئاماژە بەوەشدەکات، “بایکۆتی ڕەوتی سەدر وەک ئەوەی هەندێک پێشبینیان دەکرد، کاریگەر نەبو، بەو پێیەی دەنگی دەنگدەرانی باشور بۆ هێزە چوارچێوەی تەقلیدییەکانی وەک مالیکی و خەزعەلی چو، ئەوەش زەبری زیاتری پێبەخشی و نفوزی خۆیان لە شارە گەورەکانی شیعەدا چەسپاند”.

ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هاوسەنگییەکی ناسک لەناو بلۆکی شیعەدا نیشان دەدەن، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا نزیکەی 30 کورسی و بلۆکی سادیقونی سەر بە عەسائیب ئەهلی حەق ٢٧ کورسی بەدەستهێناوە، هەروەها ڕێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری و بزوتنەوەی هێزە دەوڵەتییەکان بە سەرۆکایەتی عەمار ئەلحەکیم، هەریەکەیان 18 کورسییان بەدەستهێناوە.

ئەو ئەنجامانە پێگەی چوارچێوەی هەماهەنگی وەک میحوەرێکی سەرەکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتو بەهێزتر دەکەن، بەڵام لە هەمانکاتدا سەختی کۆدەنگی ناوخۆیی زیاد دەکەن بەهۆی تەماحە ناکۆکەکانی نێوان پێکهاتەکانی.

چاودێران پێیان وایە سودانی وەک زۆرترین ئەگەری کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتو دەمێنێتەوە، بەڵام پێویستی بە ڕێککەوتنی ورد دەبێت لە چوارچێوەی “چوارچێوەی هەماهەنگی” و لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی خواستی هەندێک لایەن بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری لە کەسایەتییە سیاسییەکان. ئەگەر ڕێککەوتنێک مەحاڵ بو، ئەوا ڕەنگە ناوی بەدیل بخرێتەڕو.

سەرچاوە: خەندان

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە