بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم، ساڵی ڕابردوو ڕێژەی فرەژنی زیادیی کردووە و لە کەرکووک و گەرمیانیش بەهۆی ئاسان گەیشتن بە دادگاکانی عێراق هیچ حاڵەتێکی فرە ژنی تۆمار نەکراوە.
ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، ئاماری ساڵانەی بۆ ٢٠٢٣ بڵاو کردووەتەوە لە بەشی مامەڵەی هاوسەرگیریی و جیابوونەوەدا، دەردەکەوێت ڕێژەی هێنانی ژنی دووەم زیادی کردووە، بەشێوەیەک لە سلێمانی ڕێژەکە پێنج هێندە بەرزبووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەی ئەنجوومەنی دادوەریدا دەردەکەوێت، داوای ڕێگەپێدان بۆ هێنانی ژنی دووەم لە هەرێمی کوردستان بەزربووەتەوە بۆ ٨٣ حاڵەت، بەشێوەیەک:-
هەولێر ٣٦ داواکاریی
سلێمانی ٣٢ داواکاریی
دهۆک ١٧ داواکاریی
ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ٢٠٢٢، لە سلێمانی تەنها شەش، داواکاری بۆ هێنانی ژنی دووەم پێشکەشکرابوو، بەڵام لە ٢٠٢٣دا پێنج هێندە بەرزبووەتەوە و بووە بە ٣٢ داواکاریی.
لە کەرکووک و گەرمیانیش، بەهۆی دادگاکانی عێراقەوە ئامارەکانی بە تەواویی تۆمار ناکرێن و نادیارن.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا دەربارەی مامەڵەی هاوسەرگیری و جیابونەوە هاتووە، ساڵی ڕابردوو ٥٣ هەزار و ٨٧ مامەڵەی گرێبەستی هاوسەرگیریی ئەنجامدراوە، لەبەرامبەر دا ١٤ هەزار و ٣١٢ حاڵەتی جیابونەوە تۆمارکراوە، کە بەم شێوەیە بەسەر چوار ناوچەی هەرێمدا دابەشبوون
هەولێر (١٧٥٤٣) مارەبڕین و (٥٨٥٧) جیابونەوە
سلێمانی (٢٠٤٢٧) مارەبڕین و (٥٤٣٨) جیابونەوە
گەرمیان (٢٦١٨) مارەبڕین و (٨٥٣) جیابونەوە
دهۆک (١٢٤٩٩) مارەبڕین و (٢١٦٤) جیابونەوە
هەر لە ڕاپۆرتەکە داهاتووە، لە سەرجەم پارێزگاکان ئەنجامدانی پڕۆسەی هاوسەرگیریی بەراورد بە ساڵی٢٠٢٢ کەمی کردووە، لە بەرامبەر دا لە (هەولێر، دهۆک و گەرمیان) ئاماری جیابوونەوە بەراورد بە ساڵی پێشوتر زیادیان کردووە.
هەروەک زۆرینەی ئەو کەسانەی، کە پڕۆسەی هاوسەرگیریان هەڵوەشاندوەتەوە تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٤ ساڵ دا بووە.