رەنگە مەغدوورترین دوو چین لە هەرێمی کوردستان چینی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست بێت، بەشێک لەو وانەبێژانە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەهەمان ئەرکی مامۆستایان هەڵدەستن و بەشێک لە بەردەوامیبوونی پرۆسەی خۆێندنیان لەسەر شانە، بەڵام سادەترین ماف کە موچەکەیانە بەشێوەی (هەر کاتێک پارە هەبوو بۆتان سەرفدەکرێت) وەریدەگرن، فەرمانبەرانی گرێبەستیش لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەموچەی جیاوازی ٣٠٠ هەزار بۆ ٥٠٠ هەزار کاردەکەن بەهەمان ئەرکی فەرمانبەری ئاساییش هەڵدەستن، بەڵام هیچ ئیمتیازێکی فەرمانبەر نایانگرێتەوە.
ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ نزیکەی ٣٠ هەزار مامۆستایە، ئەو ژمارەیە رێژەکەی جیاوازە لە هەندێک پەروەردەدا ٣٥ بۆ ٤٠٪ ی مامۆستایان پێکدەهێنن، بەوەش دەبنە کۆڵەکەیەکی گەورەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.
لە بەرامبەردا گەرچی داتایەکی ورد نیە لە سەر فەرمانبەرانی گرێبەست، بەڵام بەپێی داتاکانی بەشێک لە نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست، ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست ٢٨ هەزار ٨٨٦ فەرمانبەرن، نزیکەی ١٤ هەزاریان لەسەر میلاکی وەزارەتی شارەوانین.
دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژو فەرمانبەرانی گرێبەست گەرچی سەرەتایترین مافی ئەو ئازیزانەیە، لەهەمان کاتدا دەبێتە هۆکارێکیش بۆ سەقامگیری پرۆسەی خوێندن و کۆتایهاتنی بایکۆتی بەردەوام کە ساڵانە چەند جارێک دووبارە دەبێتەوەو ئەوەی باجەکەشی دەدات قوتابیانن کە لە بنەڕەتدا خۆیان گیرۆدەی دەستی بایکۆتی مامۆستایان و سەردەمی داخستنی قوتابخانەکانن لە کاتی کۆرۆنادا.
بەپێی راپۆرتەکانی ماڵپەڕی دیلۆیت لە وردبینی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی داهاتی نەوت، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ تاوەکو کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ تێکڕای ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان ١٦٥ ملیۆن و ٩٤٢ هەزار و ٨٦١ بەرمیل بووە و داهاتی پەیداکراو لە فرۆشتنی نەوت لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ تا کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ لە هەرێمی کوردستان دوو ملیار و ٣٤٥ ملیۆن و ٤٧٧ هەزار و ٧١١ دۆلاربووە.
ئەگەر ئەو ئامارە بەراورد بکەین بە سێ مانگی دوومی ئەمساڵ کەدوا راپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت و لە ماڵپەڕی سەرەکی حکومەتی هەرێم بڵاوکراوەتەوە لە١ی نیسانی ئەمساڵ تاوەکو ٣٠ی حوزەیران حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا لە رێگەی بۆڕییەوە ٣٧ ملیۆن و ٦١٨ هەزار و ٥٧٧ بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە کە کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو سێ ملیار و ٧٨٩ملیۆن دۆلار و ٢٩٠ هەزار و ٢٧٩ دۆلار بووە.
کەواتە بەراورد بە دوو ساڵ پێش ئێستا داهاتی نەوتی سێ مانگ ئەوەندەو نیوێکی داهاتی کۆی ساڵەکەیە!!
ئەوەی دەبێتە پرسیار بۆ حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان بۆچی وانەبێژان و فەرمانبەرانی گرێبەست دانامەزرێنێت؟ ئەی بۆچی دەیان هەزار کادیری پارتی و یەکێتی لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ەوە بەناوی جیاوازەوە لەسەر میلاکاتی بەڕێوبەرایەتی خانەنشینان گواسترانەوە بۆ سەر وەزارەتەکانی هەرێم، هەندێکیان لە بنەڕەتدا دەوام ناکەن ودەوامیان لە شوێنی دیکەیە یان هەر لەماڵەوەن و بندیوان و بەشێکی دیکەشیان کارە حکومییەکەی لەگەڵ تواناو سەلیقەو حەزیدا ناگونجێت و نەسوودی بۆ خۆی هەیە، نە بۆ ئەو فەرمانگەیەی کاری تێدا دەکات و دیسانەوە بەناچاری بووە بە بندیواری ناچاری.
بۆچی دامەزراندن هەیە بۆ دەیان فەرماندەیی و هێزی تایبەت و هێزی شەخسی، بەڵام هەشت ساڵە مامۆستایەک دانەمەزراوە؟؟
ئەوەی دەبێتە پرسیار لە کاک مەسرور و کاک قوباد تاڵەبانی، کوڕە فەقیرێک دەبێت چۆن و چ داهاتوویەک بنیات بنێت و چاوەڕێی چی بکات لە هەرێمێکدا بە موچەی مانگانەی٤٠٠ هەزار دینار، لە کاتێکدا کوڕە مەسئول هەیە داهاتی مانگانەی پاڵاوگەکەی لە بەنزین و سوتەمەنی نزیکەی ٢٥ ملیۆن دۆلارە، ئیتر خۆتان وەکیل بن!!
عەدنان سەیدحسێن