مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان رایگەیاند، حزبەکەیان سەرکۆنەی شەڕی براکوژی دەکات و مێژو سەلماندویەتی کە ھەر پێکدادانێک لە نێوان لایەنەکانی کورد بە بەرژەوەندی دوژمنانی گەلی کوردستان لە ھەر چوار پارچەکەیدا تەواو دەبێت، بۆیە داوا دەکەن کێشە و گرفتەکان لە ڕێگای گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن.
مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا هەڵویستی خۆی لەبارەی بارگژی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە رایگەیاند و داوایکرد، هەردولایەنەکە ڕەچاوی تایبەتمەندی ڕەوشی سیاسی ھەر بەشێکی کوردستان و ئاستی پەرەسەندن تیایدا و رێزگرتن لە بریاری لایەنەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان لە ھەر پارچەیەکی کوردستان بگرن، لە دەستنیشانکردنی شێواز و ستراتیژی تێکۆشان و دروشمەکانی.
ئەوەش هاتوە، “دەستێوەرنەدانی ھیچ لایەنیک و ھیچ بەشیکی کوردستان لەکاروباری ناوخۆیی بەشێکی دیکە و رێز گرتن لە بریاری سیاسی تیایدا بە جۆرێک سەربەخۆیی بریاری سیاسی ھەر بەشێک پارێزراو بێت”.
حزبی شیوعی داوا دەکات پەیوەندی دەرەکی ھەر لایەنێک لە گەڵ حکومەتە ناوەندییەکانی ناوچەکە کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، پێویستە لە سەر حسابی بەرژەوەندی و ئاسایش و سەقامگیری سیاسی بەشیکی دیکە نەبێت.