په‌رله‌مانی كوردستان
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران
ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری
داواكاری گشتی
ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ
رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان
رێكخراو و ئاژانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
كونسوڵخانه و دیبلۆماتكاران له عێراق و هه‌رێمی كوردستان
رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی
رای گشتی
“تاوان و پێشێلكارییه‌كان قوربانی و تێكۆشانی هه‌مووان بۆ ئازادی و بونیادنای سیسته‌مێكی دیموكراسی سفر ده‌كاته‌وه”
له جێبه‌جێ نه‌كردنی ئه‌و یاسایانه‌ی مافه‌كانی مرۆڤی بۆ هاووڵاتییان و رۆژنامه‌نووسان و چالاكوانانی مه‌ده‌نی زامن كردووه، ده‌سه‌ڵات پێشێلكاریی و تاوانی ده‌رهه‌ق به رۆژنامه‌نووسان و چالاكوانان گه‌یاندۆته ئاستێكی مه‌ترسیدار و به‌رده‌وامی ئه‌م سیاسه‌ته سه‌ركوتكار و نادیموكراسییه، قوربانی و تێكۆشانی هه‌مووان بۆ ئازادی و بونیادنای سیسته‌مێكی دیموكراسی سفر ده‌كاته‌وه.
رێكخراوی ئازادبوون له چه‌ند مانگی رابردوودا ناو و دۆسیه‌ی زیاتر له 60 رۆژنامه‌نووس و چالاكوانی مه‌ده‌نی تۆماركردووه، كه به‌هۆی جیاوازی بیروڕا، رووماڵی رۆژنامه‌وانی، خواستی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان یان به‌شداریكردن له خۆپیشاندان به پێچه‌وانه‌ی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان ژماره 11ی ساڵی 2010 و یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری ژماره 35ی ساڵی 2007، به نایاسایی ده‌ستگیركراون و توندوتیژییان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدراوه.
ئه‌و كه‌سانه‌ی له زیندانیش ئازادكراون به كه‌فاله‌تی ماددی یان به‌زۆر پێ پڕكردنه‌وه‌ی به‌ڵێننامه بووه، ئه‌مه‌ش شێوازێكی نوێیه بۆ بارمته‌كردنی كه‌سانی بۆچوون جیاواز له ده‌سه‌ڵاتداران، تا له هه‌ر دۆخێك كه بیانه‌وێت سزایان بده‌نه‌وه.
به‌ڵام ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووس شێروان شێروانی له ژینگه‌یه‌كی پڕ ترس و تۆقاندن له‌ماڵه‌كه‌ی و له‌به‌رچاوی منداڵه‌كانی دۆخه‌كه‌ی هه‌ستیارتر و مهترسیدارتركردووه، به‌تایبه‌ت به‌پێی قسه‌ی هاوژینی شێروانی و پارێزه‌ره‌كانی “نازاندرێت له چ زیندانێك دایه و له‌ماوه‌ی به‌دواداچوونه‌كان له ئاسایشی هه‌ولێر و دهۆك بوونی له‌و شوێنانه ره‌تكراوه‌ته‌وه”.
ده‌ستگیركردنی شێروانی له‌كاتێكدایه چاوه‌ڕوانی ئازادكردنی هه‌ر یه‌ك له مامۆستا به‌ده‌ل به‌رواری، رۆژنامه‌وان ئومێد به‌رۆشكی، چالاكوانی سیاسی ته‌حسین یاسین جه‌عفه‌ر و هه‌ڵۆ سامی بووین كه ته‌نیا له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی شیعرێك تا ئێستا له زیندانه.
هه‌موو ئه‌م تاوان و پێشێلكاریانه له كاتێكدان ده‌ستووری عێراق له مادده‌كانی 37 تا 46 زامنی ئازادییه‌كان، كاری رۆژنامه‌وانی، خۆپیشاندان، چالاكی تاك و به‌كۆمه‌ڵی كردووه. به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم و داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانی پیچه‌وانه‌ی ئه‌و بنه‌مایانه و مافه گه‌ردوونییه‌كان و مادده‌كانی 19 له جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤ و رێككه‌وتننامه‌ی مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان ره‌فتار ده‌كات.
هاوكات هه‌وڵێكی جددی هه‌یه بۆ تێكشكاندنی ئه‌و تاكه كه‌سانه‌ی به‌سه‌ربه‌خۆیی كارده‌كه‌ن و ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵاتن، تا له رێگای زیندانیكردن و ترس و تۆقاندنی ئه‌وان ته‌واوی كۆمه‌ڵگا دیل بكرێت.
بۆیه ئێمه له رێكخراوی ئازادبوون به ده‌نگێكی بڵند داوا ده‌كه‌ین:
1- ده‌سته‌به‌جێ رۆژنامه‌نووس شێروان شێروانی و ته‌واوی ده‌ستگیركراوانی دیكه به‌ده‌ل به‌رواری، ئومێد به‌رۆشكی، هه‌ڵۆ سامی و ته‌حسین یاسین ئادابكرێن و پێشێلكاران و تاوانباران رووبه‌ڕووی سزای یاسایی بكرێنه‌وه، تا ئیتر ده‌ربازبوون له سزای یاسایی نه‌بێت به دیارده.
2- هێزه ئه‌منییه‌كان و حكومه‌ت ده‌ستبه‌رداری قۆستنه‌وه و به‌كارهێنانی ڤایرۆسی كۆرۆنا-بن بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ماف و ئازادییه‌كان و سانسۆركردنی میدیا.
3- داواكارین له په‌رله‌مانی كوردستان پرساندن له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات له‌سه‌ر جێبه‌جێ نه‌كردنی یاساكانی ژماره 35ی ساڵی 2007، ژماره 11ی ساڵی 2010، یاسای ژماره 11ی ساڵی 2013، و له وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان بپرسێته‌وه له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ.
4- داواكارین رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له پێناو پابه‌ندكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به بنه‌ماكانی دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ، فشاری زیاتر بكه‌ن له چوارچێوه‌ی پره‌نسیپه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
5- له داواكاری گشتی داواكارین، به‌رگریكردن له ئازادی راده‌ربڕین و رۆژنامه‌نووسان وه‌ك مافی گشتی داكۆكی لێبكات و سكاڵای سه‌ر رۆژنامه‌نووسان رابگرێت، له‌بری ئه‌وه دۆسیه‌ی سكاڵاكانی گه‌نده‌ڵی و تیرۆری رۆژنامه‌نووسان و تیرۆری سیاسی هه‌ڵبداته‌وه و دۆسییه‌كانی خیانه‌تی نیشتیمانی و دابه‌شنه‌كردنی مووچه بكات به رۆژه‌فی كاره‌كانی.
6- حكومه‌تی هه‌رێم ئیتر ده‌ستهه‌ڵبگرێت له سڕكردن و كارنه‌كردن به یاساكانی: كاری رۆژنامه‌گه‌ری، رێكخراوه نا حكومییه‌كان، رێكخستنی خۆپیشاندان، بڕیاری ژماره 5ی ساڵی 2013. به‌م هۆكاره‌ش ته‌واوی ئه‌و رێنمایی و بڕیارانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی كاركردن به ناوه‌ڕۆكی ئه‌م یاسایانه ده‌رچوون هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه.
7- داواكارین له هاووڵاتییان و رای گشتی و رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان، پشتیوانبن به‌شێوازی مه‌ده‌نیانه‌ی جۆراوجۆر بۆ به‌رگریكردن له ئازادی راده‌ربڕین و میدیای ئازاد و چالاكوانانی مه‌ده‌نی.
رێكخراوی ئازادبوون
بۆ تواناسازی و تاكگه‌رایی و په‌ره‌پێدانی توانا مرۆییه‌كان
2020/10/17