لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا هەرگیز یەکسان نین، تەنانەت لەمەرگیشدا

هەرگیز یەکسان نین، تەنانەت لەمەرگیشدا

0 تێبینییەکان 13 بینینەکان

bahmanyهەواڵەکە کورت بوو. کچێک بۆ پاراستنی خۆی لەدەستدرێژی خاوەنکار لەنهۆمی چوارەمی هوتێلێک خۆی فڕێدایە خوارەوەو گیانی لەدەستدا. گەرچی هەواڵێکی یەک رەستەییە، بەڵام بەقەت بارستایی هەموو توندووتیژیەکانی سەر ژنان قورسایی لەخۆ گرتووەو وشە بەوشەی هەڵگری ئازاری چەوساندنەوەی ژنانە.

ژنان قوربانیانی بەردەوامی شێوازە جوراوجۆرەکانی تووندوتیژین لەکۆمەڵگای پیاوسالاری پشت بەستوو بەئایین‌و نەریتدا. ئەوان نەک تەنیا لەبنەماڵە بەڵکوو لەشەقام‌و کۆڵانەکان، لەشوێنی کارو خوێندنگەکانیش ئەمنیەتیان نیەو هەرگیز دڵەڕاوکێ دەستبەرداری ژیانیان نابێت. لەکۆمەڵگایەک کە هەژاری‌و بێکاری لەرادەبەر بەرۆکی بەتاکەکانی کۆمەڵگا گرتووەو خەسارە کۆمەڵایەتیەکان زیاتر لەهەر کاتێک پەرەی سەندووە بێ گومان ژنان زۆرترین گوشاری ئابووری‌و کۆمەڵایەتیان لەسەرەو نووکی تیژی گرفتەکان ژنانی گرتووەتە نیشانە. تا ئەو رادەیە کە بەئاسانی خاوەنکار بەمافی خۆی بزانێت مامەڵە بەجەستەی ژنانی کرێکارەوە بکات‌و نەک تەنیا خاوەنی کاریان بێت، بەڵکو خۆشی بەخاوەنی روح‌و جەستەی ژنانی کرێکار دابنێت.

رۆژانە هەواڵی جیاواز دەبیستین لەسەر کوشتن‌و خۆکوژیەکان بەڵام کاتێک هۆکارەکانی شەن‌و کەو دەکەین لەپاڵ هۆکارە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکان دیسان دینەوە سەر رۆڵی ئایین لەشکڵ گرتنی نورمە کۆمەڵایەتیەکان‌و لێکدانەوە ئایینیەکان بۆ ژیانی رۆژانەمان‌ لەسێبەری یاسایەکی ئایینی. ئەگەر بە پشت بەستن بەکۆمەڵگایەکی خۆپارێزو خۆبوێر لەراستیەکاندا نەبێت چۆن دەکرێت ژیان ببێتە تراژدیای مەرگ. چۆن دەکرێت بەئاسانی دەست بۆ هەموو بەها ئینسانیەکان ببرێت‌و رێڕەوی ژیانی فەریناز، وەک ژنێک، وەک مرۆڤێک هەڵتەکێت‌ بەڵام جیهانی ئێمەو خەونەکانمان هەڵنەتەکێنێ.

پیاوی خاوەنکار، پیاوی دەسەڵاتدار بەپشتبەستن بەدەسەڵاتێکی ئایینی‌و دژ بەژن نەبێت چۆن دەتوانێت‌و دەوێرێت کردەوەیەکی وا ئەنجام بدات. دڵنیام ئەو کاتەی تواشای جەستەی فەرینازی کردووە کە لەنێوان ئاسمان‌و ئەرز ساتەکانی کۆتایی دەپێوا خەیاڵی لای ئەو وشەو رەستانە بووە کە هەمیشە ژنانیان پێی تاوانبار کردووەو یاساو رێساکانیش مۆری ئەرێنیان لەسەر داناوەو پیاوان دەرباز بوون لە سزا.

نایبیستن پیاوێک لەبەر ئەوەی دەستدریژی کراوەتە سەری خۆی بکوژێت، پیاوێک بەهۆی توندووتیژی ژنەکەیەوە ئاگر لەجەستەی خۆی بەر بدا، پیاوێک لەشوێنی کارو لەلایەن خاوەن کارەوە هەوڵی دەستدرێژی کردنە سەری بدرێت، تێزاب بەدەم‌و چاویاندا بڕژێنن‌و لەژێر ناوی پاراستنی شەرەف بکوژرێن. زۆر هەواڵی دیکە هەیە هەرگیز لەسەر پیاوان نایبیستین بەڵام ژنان ئەکتەری سەرەکی‌و قوربانی یەکەمی ئەم چەشنە هەواڵ‌و رووداوانەن.

کاتێک بۆ یەک چرکە بیری لێبکەینەوە خەیاڵ کەمەندکێشمان دەکات بۆ هەموو ئەو کات‌و ساتانەی فەریناز پێدا تێپەڕ بووە. کە نەیوێراوە باسی گوشاری خاوەنکار بکات‌و هیچ فریادڕەسێک نەبووە هانای بۆ ببات چەند نائۆمێدانە بەڵام ئازایانە بڕیاڕێکی وەهای داوە. دڵنیام لەو کاتەدا هەنگاوەکانی دوا چرکەکانی ژیانی دەژمارد خەیاڵی لای هەموو ئەو ژنانە بووە کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ قوربانیان توندووتیژین. خەیاڵی لای ئەوانەی بووە کە پێشتر لەو ئەم چرکەساتە بێ کۆتاییانەیان ئەزموون کردووەو ئەو هەواڵی بەسەرهاتیانی بیستووەو هەرگیز بە خەیاڵیشیدا نەهاتووە بە چارەنووسی ئەواندا تێپەڕێت.

ئاخۆ چەندجار بەدەم هەڵاتن‌و گریانەوە خەون‌و ئاواتە بەدینەهاتووەکانی هاتبێتە پێش چاو. ئاخۆ چەند جار بە خۆی وتبێت ئایا ئەمەیە چارەنووسی من. بەڵام دڵنیام هێشتا خەمی ئەوەی بووە کە ئەو نەکرێتە تاوانبار لەم رووداوە تەنانەت پاش مردنیشی.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە