بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی چوار بەشی کوردستان، لە شاری هەولێرەوە دژ بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک هەڵوێستیان نیشاندا.
رۆژی یەکشەممە(١٩\٧\٢٠٢٠، لە بارەگای بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان لە شاری هەولێر، هەریەک لە حزبی شیوعی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، هەدەپە، یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان، پارتی یەكێتی دیموكراتی كورد لە سوریا، پارتی كۆماری كوردستان، حزبی ڕزگاریی كوردستان کۆبوونەوە و تاوتوێی دۆخی کوردستانیان کرد.
کۆبوونەوەی ئەو لایەنانە لە ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژی ئاوای کوردستاندایە، (١٨ و ١٩ی تەمموز)، کە ئەمساڵ گروپی نێودەوڵەتیی گڵۆباڵ ئەکشن، وەک ڕۆژی وەستانەوە دژ بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان دیارییان کرد.
دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، خدر قادر، سکرتێری بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان وتی: کورد لە هەموو نەتەوەیەک زیاتر بەدەست داگیرکارییەوە ناڵاندوویەتی، خاکەکەی دابەش کراوە، بۆیە نابێت ئەم ڕۆژە بە بێدەنگیی تێپەڕێت.
خدر قادر، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە دەوڵەتی تورک دەچێتە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان، ئێران بە هەمان شێوە، ڕژێمی سوریاش لەگەڵ کورد ڕێکناکەوێت، هەروەها، ئیدانەی هەموو داگیرکارییەکانی کرد، لە لایەن هەر دەوڵەتێکەوە ئەنجام بدرێت، کە بۆ بردنی سەروەت و سامانی وڵاتی داگیرکراوە.
پاشان موزەیەن گونەش، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشوری کوردستان قسەی کرد و وتی: دەوڵەتی تورک لەڕێگای داگیرکردنی کوردستانەوە دەیەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناوببەن و کورد قڕ بکەن.
گونەش، ئاماژەی بۆ ئەو کۆمەڵکوژییانە کرد، کە لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دەدەرێت و وتی: داگیرکەر هەمەلایەنەیە و دەیەوێت ئەو سیستمەی خۆی دەیەوێت بیچەسپێنێت.
لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە بەهانەی بوونی پەکەکە بۆ هێرشکردنە سەر باشورم موزەیەن گونەش وتی: خەیاڵی ئەردۆغان زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانیی و داگیرکردنی کەرکوک و موسڵە، چاوشئۆغڵۆش بە ڕاشکاویی ئەوەی باسکرد، ئەگەر بەهانە هەبوونی پەکەکەیە، خۆ پەکەکە لە لیبیا نییە، بۆیە ئەبێت کورد بە باشیی ئەو ڕاستییە ببینین.
نوێنەری هەدەپە لە باشوری کوردستان، بانگەوازییشی کرد، کە وەستانەوە لەدژی داگیرکاریی تەنیا لە یەک ڕۆژدا نەبێت، بەڵکو دەبێت بەردەوام هەڵوێستی جدیی دژ بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک نیشان بدەن.