دەقی چاوپێکەوتنی سایتی رێگای کوردستان لەگەڵ هاوڕێ نەهرۆ عاڵایی کاندیدی ژمارە ( ٢) لە لیستی ئازادی ژمارە (١٦٤)
*كارنامەی تۆ بۆ خولی تازەی پەرلەمانی كوردستان چییە، ئەگەر بێتو سەركەوتوو بوویت لەو پرۆسەیە؟
نەهرۆ عاڵڵایی :ئەجێندا و پلانی ئێمە دیارە لە چوارچێوەیەکی فراواندا لە لیستی ئازادی ڕاگەیاندراوە ،ئێمە بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەین یەک بەیەکی خاڵەکانی ئەم بەرنامەیە جێ بەجێ بکەین،بەوپەڕی پێداگریمان لەسەرووی هەموویانەوە مانا بۆ (خاک،نان ، ئازادی ) دەگێڕینەوە و لەدەستی کەسان و گروپ و حزبی دەردەهێنین و دەیدەینەوە دەستی کۆمەڵگا !
خاک، خاکی هەموان بێت و هیچ کەس و لایەن و گروپێک نەتوانیت دەستی بەسەردابگرێت یان سات و سەودا بە خاک و مێژوو و جوگرافیاکەی بکات،نان بەبێ جیاوازی هەمووان بەیەکسانی دەستیان پێڕا بگات و هیچ لایەنێک نەتوانێت نانی بەیانی مناڵەکانی بەبارمتە بگرێت و بکەوێتە قورگی شێرەوە ،لەکاتێکدا سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە هێندە زۆرە ئەگەر بەیەکسانی دابەش بکرێت و چاودێریەکی هەبێت لە پەرلەمان و بەئاسانی بەهەدەر نەدرێت دەتوانیت هەمووان بەوپەڕی رفاهیەتەوە بژین و هیچ خێزانیک لە ژەمی بەیانی مناڵەکانی دڵنیا نەبێت ، لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە ئازادییە ! بوونی خاک و نان بەبێ ئازادی مانایەک پەیدا ناکات،بۆیە ئێمە هەموویان بەیەکەوە تەواو دەکەین ،ئازادی ڕادەربڕین و ئازادییە فەردی و مەدەنیەکان،ئازادی نوسین و بڵاوکردنەوە و هەتا دەگات بە ئازادی عەشق و ئەوین و خۆشەویستی کچان و کوڕانی گەنج و پاراستنی شەخسیات و کەڕامەتی هەمووان لەرێگای یاسا و دادگاکانەوە .
*هەموو ئەو رەخنانەی لە زۆری مووچەی پلە تایبەتییەكان دەگیران بەتایبەتیش ئەندام پەرلەمانەكان، چۆن كار لەو دۆسیەیە دەكەن؟ *چۆن چاودێرێك دەبی لەسەر ئیشوكارەكانی حكومەت؟
نەهرۆ عاڵڵایی : هەمووان دەزانین کە کوردستان وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەندە بە سەروەت و سامانی بەنرخ،پارەیەکی بێ شومار و خێرێکی لە رادەبەدەر رژاوەتە ئەو وڵاتە،بەڵام بەداخەوە لەساڵانی پێشووتر چونکە ئەو سەروەت و سامانە لەدەستێکی ئامن نەبوە مەحسوبیەت و حزبیەت و خێڵ و عەشیرەتگەری زاڵ بووە بەسەر هەموو شتیکەوە،بە یاسا تەخشان و پەخشانی پێکراوە،بەڕادەیەک بەشێکی کەمی خەڵک مانگانە پارەیەکی بێ شوومار خراوەتە سەر کۆنتۆ و حیسابەکانیان ،بەشی هەرە زۆریش بەمووچەیەکی کەمدا ژیانی گوزەراندووە و دەستی بەسەرەتاترین پێداوسیتیەکانی ژیان ڕانەگەیشتووە،پێشووتریش ئێمە خۆپیشاندانمان لەم بارەیەوە بەڕێخستوە ،بەر دەرگای پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانمان لێ گرتوون،کەمپینی گەورەمان پێکهێناوە(کەمپینی دادپەروەری ) ئێمە لەم بارەیەوە هەوڵەکانمان چرتر دەکەینەوە و یەکەمین کارێکمان لە پەرلەمان هەڵوەشاندنەوەی مووچەی پلە تایبەتەکان و خانەنشتینی نایاسایە .
*چۆن چاودێرێك دەبی لەسەر ئیشوكارەكانی حكومەت ؟
نەهرۆ عاڵڵایی : یەکێک لە کێشەکانی ئێمە لە ڕابردوو وەکو رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی ئەوەبوە نەمانتوانیوە لە رووی یاساییەوە ئەوانەی کە کەمتەرخەم بوون یان دزی و گەندەڵیان لە کار و پرۆژەکاندا کردووە سزاییان بدەین،پەرلەمان دەستمان کراوەتر دەکا تا ئەو کارە بکەین . ئەوەی زیاتر کێشەکانی خەڵکی قوڵتر کردۆتەوە و حکومەتی خستە ناو ئەزمەیەکی گەورەی دارایی لەکاتی بڕینی بودجە لەبەغدا و نزمبوونەوەی نرخی نەوت کە دواتر خەڵکی هەژار لەماوەی چوار ساڵی رابردوو باجەکەیدا ،نەبوونی چاودێرێکی دڵسۆز بوە بۆ ئیش و کارەکان و پرۆژەکان،پشت بەخەڵکی هەژار و لێقەوماو ئەمجارە ئێمە ئەو ئەرکە لەئەستۆ دەگرین .