لاپەڕەی سەرەکی ڤیدیۆ شاکیرا گۆرانی بۆ مۆندیالی 2026 دەڵێت

شاکیرا گۆرانی بۆ مۆندیالی 2026 دەڵێت

0 تێبینییەکان 9 بینینەکان

شاکیرای هونەرمەندی کۆڵۆمبی ڤیدیۆ کلیپی فەرمی گۆرانی “Dai Dai”ی تایبەت بە مۆندیالی 2026ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا لەگەڵ بێرنا بۆی هونەرمەندی نەیجیری بە ئاوازێکی تێکەڵاو لە نێوان ڕیتمە لاتینی و ئەفریقییەکان دەردەکەوێت.

ڤیدیۆکە کە ماوەکەی 4 خولەکە، بە دەرکەوتنی ئەستێرەکانی تۆپی پێ لەوانە لیۆنێل مێسی، کیلیان ئێمباپێ و ئێرلینگ هالاند دەستپێدەکات کاتێک دەچنە ناو یاریگاوە و دەڵێن “ئێمە ئامادەین”.

لە کۆتایی ڤیدیۆکەدا چەند دیمەنێکی ئەرشیفی مۆندیالەکانی پێشو نیشان دەدرێت، کە تێیدا شاکیرا ڕێز لە بەشێک لە ئەفسانەکانی تۆپی پێ دەگرێت، لەوانە، دیێگۆ مارادۆنا، پاولۆ ماڵدینی، ڕۆماریۆ، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، دەیڤید بێکهام، کاکا و لیۆنێل مێسی. جگە لە نیشاندانی ئاڵای ئەو وڵاتانەی بەشداری دەکەن وەک بەڕازیل، ئەرجەنتین، کۆڵۆمبیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هۆڵەندا.

ڤیدیۆکە دیمەنی ئاهەنگگێڕانی پڕ لە وزە، سەماکردنی بەکۆمەڵ و کەشێکی جۆش و خرۆشی پەیوەست بە تۆپی پێ نیشان دەدات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە شیکارییە هونەرییەکان، ڤیدیۆکە جەخت لەسەر یەکگرتویی، خۆشی و ئاهەنگگێڕان بە ڕۆحی تۆپی پێ دەکاتەوە کە گەلان کۆدەکاتەوە.

بڕیارە پاڵەوانێتی مۆندیالی 2026 بە بەشداری 48 هەڵبژاردە لە وڵاتانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک، لە ماوەی نێوان 11ی حوزەیران تاوەكو 19ی تەمموزی داهاتو بەڕێوەبچێت.

ئەمە یەكەمینجار نییە شاكیرا گۆرانی بۆ مۆندیال بڵێت، لە ساڵی 2006 گۆرانییەكی بەناوی “Hips Don’t Lie” بڵاوكردەوە، لە ساڵی 2010 و 2014 هەریەك لە گۆرانییەكانی “Waka Waka” و “La La La”ی بڵاوكردەوە، كە ملیار بینەریان تێپەڕاندوە.


0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە