له‌م چل‌و پێنج رۆژه‌ی داهاتوو چاره‌نوسازترین گفتوگۆکان که له‌مێژوی سی ساڵی رابردوی تورکیادا یه‌که‌مجاره دوباره بێته‌وه ئه‌نجامده‌درێن. یاریکه‌ره سه‌ره‌کیه‌که ده‌توانێ به‌لایه‌کدا باره‌که بخات، ده‌توانێ ته‌کانێکی رژدانه به‌دۆزی کورد بدا هاوکات سه‌رده‌می دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانیش له‌تورکیادا بخولقێنێ، ده‌شێ سه‌رده‌می کۆتایهێنان بێ به‌شکۆی ئاک پارتی، یان سه‌رده‌می ده‌رهێنانی په‌که‌که بێ له‌لیستی تیرۆر!
هه‌ده‌په توانی سه‌رکه‌وێت‌و ئاک پارتی سزا بدا، گه‌رچی بچوکترین قه‌واره‌یه به‌ڵام به‌هێزترینیانه، چونکه تاکه حزبه بتوانێ هاوسه‌نگی هێز راگرێت له نێوان دوو ئۆپۆزسیۆنه تورکه‌که‌و حزبی حوکمڕاندا، رۆحی پرۆسه‌ی سیاسیشه چونکه باشترین قه‌واره‌یه بۆ ئاک پارتی که له‌گه‌ڵیدا حکومه‌ت پێک بهێنێ هه‌م له‌به‌ر بچوکیه‌که‌ی و هه‌م له‌به‌ر جیاوازی جوگرافیای ده‌سه‌ڵات و هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌پرۆسه‌ی رێگای ئاشتیدان، ئه‌م سێ هۆکاره واده‌کات لێکترگیرانیان که‌متر بێت، به‌تایبه‌ت بچوکیه‌که‌ی واده‌کات له جه‌هه‌په که‌متر پشكی سیاسی پێبدات، جیاوازی چڕی جوگرافیای سیاسی واده‌کات به‌ریه‌ککه‌وتنی که‌متر بێت له‌گه‌ڵی له‌چاو مه‌هه‌په‌و جه‌هه‌په که هه‌ردوکیان چڕی لایه‌نگرانیان له ناوچه تورکه‌کانی ئاک پارتیدان و خاڵی سێیه‌میش به‌مێژوی خۆی جه‌هه‌په سه‌نگه‌ری ئۆپۆزسیۆنی له ئاک پارتی گرتوه، مه‌هه‌په‌ش ناکۆکیه‌کی قوڵی سیاسی له‌سه‌ر پرسه ئایدۆلۆژی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌نێوانیان هه‌یه ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی کێشه‌ی گه‌وره له‌نێوان سه‌رۆکی هه‌ردوو پارته‌که‌دا هه‌یه، هه‌رچی هه‌ده‌په‌یه ئه‌وا گه‌ر بێت و ئاک پارت بچێته ژێرباری گۆڕانکاری ده‌ستور و وازهێنان له خه‌ونی گۆڕینی سیسته‌می سیاسی بۆ سه‌رۆکایه‌تی و جێبه‌جێکردنی هه‌ر ده خاڵه‌که‌ی ئیمڕالی تایبه‌ت به پرۆسه‌ی ئاشتی ئه‌وا بۆ هه‌ده‌په باشترین سه‌رکه‌وتن ده‌بێت به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بێت و ئاک پارتی هه‌مان یان نزیک له‌وپشکانه‌ی بۆ دابینبکات که له‌کاتی پێکهێنانی حکومه‌ت له‌گه‌ڵ دوو لایه‌نه‌که‌ی تردا وه‌ک پرۆژه به هه‌ده‌په ده‌درێت.
خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه روینه‌دا ئه‌وا چاتره هه‌ده‌په بیر له دوو لایه‌نه‌که‌ی تر بکاته‌وه چونکه له‌م باره‌دا هه‌ده‌په ده‌بێت یاری پشک بکات نه‌ک ئایدۆلۆژیا، چونکه لۆژیکی ئایدۆلۆژیا نه له‌گه‌ڵ ئاک پارتی و نه‌له‌گه‌ڵ دووه‌که‌ی تر نایگه‌یه‌نێته هاوسه‌نگیه‌کی پارله‌مانی تا بتوانێ پرۆژه‌ی قورس تێپه‌ڕێنێ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی ده‌توانێ به پله‌ی یه‌که‌م ئه‌نجامی بدا ئه‌وه‌یه که له باری گه‌ڕانه‌وه بۆ دوو هێزه‌که‌ی تر ئه‌وا ئه‌وان چاریان ناچاره ده‌بێت به زۆر له مه‌رجه‌کانی هه‌ده‌په رازیبن چونکه چاریان نیه‌و وه‌ک ئاک پارتی نین بژارده‌ی تریان له‌به‌ر ده‌ست بێت به‌ڵکو ته‌نها هه‌ده‌پیان هه‌یه له‌م باره‌شدا هه‌ده‌په ده‌توانێ له‌ڕووی پشکی حکومیه‌وه ده‌سکه‌وتی زیاتر له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئاک پارتیدایه به‌ده‌ست بهێنێ گه‌رچی مه‌ترسی ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌به‌رده‌مدا ده‌بێت له پرۆژه پارله‌مانیه‌کاندا هه‌میشه ئاک پارتی سه‌رسه‌ختانه دژی ده‌وه‌ستێته‌ه‌و ره‌نگه مه‌هه‌په‌و ژماره‌یه‌کی ده‌نگه‌کانی جه‌هه‌په‌ش دژی به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وهییه‌کانی بن به‌ڵام دواجار به‌ڕای من له‌هه‌ردو پرۆژه‌که‌د چ هی ئاک پارتی چ ئه‌مه‌ی دوو لایه‌نه‌که‌ی تر هه‌ده‌په رووبه‌ڕووی ئه‌م مه‌ترسیه ده‌بێته‌وه بۆیه چاتره شوێن پێی خۆی له حکوموتدا قایم بکات به تایبه‌ت له وه‌زاره‌ته سیادی و ئاسایشیه‌کاندا.
له‌هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کاندا هه‌ده‌په پێویسته له‌ماڵی خۆی دابنیشێت‌و چاوه‌ڕێ بێت بزانێت کاملا به‌پڕۆژه‌یه‌کی پڕ به‌رهه‌متره‌وه رووی لێ ده‌نێن، ئه‌وکات به‌راوێژ له‌گه‌ڵ ئیمڕالیدا باشترینیان هه‌ڵبژێرێت، دونیا له‌وه دڵنیا بووه که هیچ بڕیارێ به بێ ئینڕالی له‌م دۆخه‌دا نادرێ و کلیلی چاره‌نوسی تورکیا وا له‌ژێر پشتیه‌که‌ی ئۆجه‌لاندا.