ئێمە وەک ناوەندی سێکولاری کوردستان دژ بەم فەتوایەی لیژنەی فەتوای ڕانیە و قەڵادزێین ، وە ڕایدەگەیەنین کە ئەم جۆرە فەتوایانە بە ئاشکرا هاندانی توند و تیژی یە بە رانبەربە یەکێ لە سەرەتایترین مافەکانی خەڵکی ئازادیخواز و خوێندکاران ، وە نابێ ڕێگەی پێ بدرێ .
ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتن و ئازادی بانگەشە بۆ سێکۆلاریزم مافی سەرەتایی خەڵکی کوردستانە و نابێ ڕێگە بەهیچ دەستە و لایەنێک بدرێ لەژێرناوی پاراستنی ئاین و پیرۆزیەکانی ئاینێکدا ئەم مافە پێشێل بکەن و فشاری سیاسی و کۆمەلآیەتی بۆسەر زانکۆ و ناوەندەکانی ڕۆشنبیری دروست بکرێ کە کۆڕو کۆبونەوە و چالاکی فکری و زانستی و کۆمەڵایەتی ڕێک دەخەن.
ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ ئەو چالاکیە مەدەنیانەی زانکۆی ڕاپەڕین دەردەبڕین و داوا لە چالاکوان و خوێندکاران و هەموو کەسانی ئازادیخواز و سێکۆلاری زانکۆی ڕاپەڕین و دەڤەری ڕانیە و قەڵادزێ دەکەین کە هەموو فشاروهەڕەشە و هەوڵێکی کۆنەپەرستانە و دژی ئازادی بێ وەڵام نەهێڵنەوە و شکستی پێ بهێنن. بێگومان خەڵکی ئازادیخواز و سێکۆلاری کوردستان دەتوانن بە پێداگریان لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتن ئەو زەمینەی کۆنەپەرستیە هەڵتەکێنن کە ئەم دەزگای فەتوا شەرعیە کۆنەپەرستانە وەک بەشێک لە دەسەڵاتی حزبە کۆنەپەرستانەکانی کوردستان لەسەری دەژین و گەشەدەکەن. ئەم دەزگایانە لای خەڵکی ئازادیخواز و سێکۆلاری کوردستان هیچ شەرعیەتیەکیان نیە و نابێ ڕێگەی دەستێوەردانیان پێ بدرێ لە ژیانی فکری و زانستی و کۆمەڵایەتی کوردستاندا.
ناوەندی سێکۆلار لە کوردستان
٩ نۆڤەمبەری ٢٠١٨
هەڕەشە و هاندانی توند تیژی ” لیژنەی فەتوای شەرعی ڕانیە وقەڵادزێ ” سەرکۆنە دەکەین !
ڕۆژی ٣٠ ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ لە زانکۆی ڕاپەڕین پانێڵێکی فکری لە سەر بابەتی «ئیسلام و سیکۆلاریزم، ڕەنگدانەوەیان لە کایەکانی هونەر و کلتور و سیاسەت لە کۆمەڵگای کوردیدا» ئەنجامدرا. دواتر لیژنەی فەتوای شەرعی ڕانیە وقەڵادزێ لە٢ نۆڤەمبەردا بەبەیانێک هێرشیان کردۆتە سەر ئەوانەی دژی ئیسلام قسەیان کردوە و دەیانەوێ فشار دروست بکەن کە جارێکی تر کۆڕی لەوجۆرە لەسەر ئیسلام نەگیرێت. بە ئاشکرا هانی وتاربێژانی مزگەوت و بەناو”خەڵکی ناوچەکە” دەدات کە نەوەستن لە دژایەتی ئەم جۆرە کارانە سەبارەت بە سێکولاریزم و ڕەخنەگرتن لە دینی ئیسلام.