رۆژی دووشەممە (١٦\٧\٢٠١٨ )وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی لەساڵی ٢٠١٧ دا بڵاوکردەوە، و تیایدا دەڵێت لە عێراق و ھەرێمی کوردستان پێشێلکاریی بەرامبەر مافی ڕادەربڕین و ئازادی ئاین و بیروڕا کراوە.
ڕاپۆرتەکە ٧٢ لاپەڕەیە و تیایدا تیشکی خستووەتەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی لەسەرانسەری جیھاندا.
سەبارەت عێراق و ھەرێمی کوردستان، لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە ” نیگەرانییە سەرەکیەکان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٧ دا بریتی بوون لە کارە دڕندانەکانی داعش، و بەکارھێنانی سزای لەسێدارەدان، و توندوتیژی لەدژی مافی ئازادیی دەربڕینی بیروڕا و مافی ئازادیی ئاینی یان بیروڕا، و توندوتیژی لەسەربنەمای جێندەریی.”
ھەروەھا ئاماژەی کردووە بە راپۆرتەکانی ھەردوو ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لەساڵی ٢٠١٧ دا سەبارەت بە کارە دڕندەکانی داعش لەنێوانیشیاندا ڕفاندن و توندوتیژی سێکسی و ئەشکەنجەدان و بەکارھێنانی خەڵکی سڤیل وەکو قەڵغانی مرۆیی و گولـلەبارانکردن بە تایبەتی لە موسڵ.
ڕونیشیکردووتەوە بەریتانیا ھانی حکومەتی عێرقی داوە کە پاراستنی خەڵکی سڤیل و پاراستنی حوکمی یاسا و تەئکیدکردنەوە لەوەی سەرجەم ھێزەکان بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی کاربکەن، بکاتە ئەولەوییەتی خۆی.
سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە ” پێشێلکارییەکان سەبارەت بە مافی ئازادایی ڕادەربڕین وەکو نیگەرانییەک دەمێنێتەوە، بە تایبەتی لە ھەرێمی کوردستان. ئێمە چەندین ڕاپۆرتمان بەدەستگەیشتووە لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان و داخستنی کاتی دەزگاکانی بیرکردنەوەی ستراتیژی و رێکخراوە ناحکومییەکان، و ئەوانەی وەکو ڕەخنەگر لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەقەڵەمدەدرێن ڕێگرییان لێکراوە ڕوماڵی ڕووداوە حکومی و فەرمییەکان بکەن.”ڕونیشیکردووەتەوە ھاتنی ڕاپۆرتەکان بۆ ئەوان لەسەروبەندی ریفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلوولدا بەرەو خراپتر ڕۆیشتوون.
سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، وەزارەتەکە ئاماژەیکردووە بەوەی خۆپیشاندانەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە دەستیپێکرد و لەو ماوەیەدا ٤٦ کەیسی لێدان و ھەڕەشەی کوشتن و لەدژی رۆژنامەنووسان و داخستنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن تۆمارکراوە.
ھەروەھا جەختیکردووتەوە بەریتانیا بەردەوامدەبێت لە ھاندانی حکومەتەکانی عێراق و حکومەتی ھەرێم بۆ جێبەجێکردنی کاریگەرانەی بەرنامەی کاری نیشتیمانی سەبارەت بە ژنان و ئاشتی و ئاسایش.
سەبارەت بە پرۆژەکانیان لە ئەمساڵدا، وەزارەتەکە ئاشکرایکردووە بەریتانیا ھەوڵدەدات دڵنیابێتەوە لەوەی لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی داعش لەدژی مافەکانی مرۆڤ ئەنجامیداوە بە تاوانبار و بەرپرسیار لەقەڵەمبدرێت و ئەوان لەگەڵ حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکاندا کاردەکەن بۆ دروستکردنی تیمێکی لێکۆڵینەوە بەپێی بریاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە ٢٣٧٩ بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست لەسەر تاوانەکانی داعش.