هاوسەرى کاوە گەرمیانى ڕایگەیاند، چەند کەرەستەیەکى سەر گۆڕەکەى کاوە گەرمیانى شکێنراوە و ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، ئەوکارە ترسنۆکانە سورتریان دەکات لەسەر پەیامەکەى کاوە گەرمیانى.
شیرین ئەمین، هاوسەرى کاوە گەرمیانى دەڵیت، دواى ئەوەى ئامەدم خستە باخچەیەکى نێودەوڵەتیەوە هاتم سەر گۆڕى کاوە بۆ ئەوەى بەباوکى بڵێم کە ئامەدى کوڕى قۆناغێکى نوێى لە ژیان دەستپێکردووە، بەڵام کەگەیشتمە ئێرە “بینیم بەشێوەیەکى نامرۆڤانە و ترسنۆکانە قەڵەمەکانى سەر گۆڕى کاوەیان شکاندووە”.
هەروەها وتیشى، ئەم هەنگاوە ئەوەمان پێدەڵێت “کە هێشتا نوکى تیژى قەڵەمەکەى کاوە گەرمیانى مەترسیە لەسەر هەڵدانەوەى دەموچاوى ئەو بەرپرسە دزانەى بەدەمامکەوە دەردەکەون”.
جێگای باسە لە سەرەتای مانگی هەشتی ٢٠١٧ ، لەهەولێر لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە هێرش کرایە سەر گۆڕەکەی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان و لە ئەنجامدا کێلی سەر گۆرەکەی شکێنراو گۆرەکەشی شێواندرا و تا ئیستاش دەزگا ئەمنیەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەیەوە رانەگەیاندووە .
هاوسەرى کاوە گەرمیانى ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، کە “ئەوان دەیان ڕێگایان بەکارهێناوە بۆ ئەوەى دەنگمان کپ بکەن، بەڵام ئێمە دڵنیایان دەکەینەوە مەگەر بەمەرگ واز لە پەیامەکەى کاوە بێنین و سورتر دەبین لەسەر پەیامەکەى کاوە”.
شیرین ئەمین ئەوەشى وت، دڵنیام بە قەڵەمەکەى کاوە گەرمیانى بڕیارى مەرگى ئەوان دەردەکرێت.
قەڵەمەکانى سەر گۆڕەکەى کاوە گەرمیانى لەلایەن بەیان مانى، هونەرمەندى پەیکەرتاش دروستکراوە.
لە ڕۆژى ٥ى کانونى یەکەمى ساڵى ٢٠١٣، ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانى لەبەردەم ماڵەکەى خۆیدا درایە بەر دەستڕێژى گوللـە و “تیرۆر” کرا، ئەمەش دوای “تیرۆرکردنی” هەریەکە لە سۆرانى مامە حەمە لە کەرکوک و سەردەشت عوسمان لە هەولێر هات، دواتریش ویدات حسێن لە دهۆک تیرۆر کرا .
ئەوەش لەکاتێکدایە هەتا ئێستاش یەک کەس بەهۆى “تیرۆر” کاوە گەرمیانییەوە سزاى لە سێدارەدانى بۆ دەرچوو، مەحمود سەنگاوى، ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى چەندجارێک بانگهێشتى دادگا کرا، بەڵام دواتر دادگا بێ تاوانى سەلماند.