چارەنوسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەنێوان بەرداشی بەغدا و هەولێردا تائێستا رون نییە، پێدەچێت حكومەتی هەرێم بتوانێت تەنیا موچەی یەك مانگی دیكە دابینبكات و ئاسۆی رێكەوتنیش لەگەڵ عێراق هێشتا لێڵە.
ئا: نیاز محەمەد
حكومەتی هەرێم تەنیا وادەی دابەشكردنی موچەی مانگی هەشتی وەزارەتی پێشمەرگەی راگەیاندبو كاتێك لەناوكاو هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی لە 16ی ئۆكتۆبەردا هێرشیان بۆ سەر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان دەستپێكرد و لەماوەی چەند رۆژێكدا ئەو ناوچانەیان خستەوە ژێر دەستی خۆیان.
بەشێكی زۆری داهاتی هەرێم لەو بیرە نەوتانەوە دابین دەكرا كە دەكەوتە ئەو ناوچانە، وێڕای ئەوەی بەشێك لەدەروازە سنورییەكان و هەردو فڕۆكەخانەكەی هەرێم لەسەر داوای بەغدا داخراون.
بەپێی قسەی سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئایندەی دابینكردنی موچە هێشتا رون نییە و حكومەتی هەرێم رەنگە تەنیا بتوانێت ئەم مانگە موچەی موچەخۆران بەشێوەیەكی لەسەرخۆ بدات كە لەم هەفتەیەدا دو شوێنی دیكەش موچەیان وەرگرتوە.
ئەو سەرچاوەیە لەبارەی بونی هەوڵ بۆ دابینكردنی موچە لەڕێگەی بەغداوە باسی لەوە كرد تا ئێستا هیچ هەوڵێك نییە و رەنگە لە هەفتەی داهاتوەوە ئەوە رون ببێتەوە كە ئایا هەرێم رودەكاتەوە بەغدا یاخود چۆن موچە و بودجەی خۆی دابین دەكات.
دابینكردنی موچە و بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە بەپێی قسەی سەرۆك وەزیرانەكەی عێراق وەستاوەتە سەر ئەوەی كە هەرێم تەواوی داهاتی هەناردەی نەوت، ئیدارەی خاڵە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان رادەستی حكومەتی ناوەند بكاتەوە و حكومەتی ناوەند وردبینی ناوی موچەخۆرانی هەرێم بكات تا بگاتە ژمارەیەكی راستەقینەی موچەخۆران.
ئەحمەدی حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی كە حكومەتی عێراق لەڕوی مەبدەئیەوە لەگەڵ ئەوەیە موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابین بكات بەڵام جەختیش لەسەر مەرجەكانی سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی دەكاتەوە.
بەپێی وتەی ئەو هەرێم لەئێستادا باس لەوە دەكات یەك ملیۆن و 450 هەزار موچەخۆری هەیە لەكاتێكدا لای عێراق ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم تەنیا 682 هەزار موچەخۆرە، ئەوەش پێویستی بە هەماهەنگی هەردو لا هەیە بۆ ئەوەی بگەنە ژمارەیەكی راستەقینەی موچەخۆری هەرێم. وتیشی”بەپێی بودجەی ساڵی 2013 لە هەرێم ژمارەی موچەخۆران 784 هەزارە”.
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ناچاركرد هەفتەی رابردو لەكۆبونەوەیەكی نائاساییدا تەنیا مۆڵەتی 15 رۆژی دایە حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچە و بودجەی پارێزگاكە ئەگەرنا بێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی هەرێم پەنادەبەنە بەر حكومەتی عێراق.
غالب محەمەد، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و بازرگانی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختی كردەوە ئەگەر لەو ماوەیەدا حكومەتی هەرێم موچە دابین نەكات ئەوان هەنگاوی دیكە دەگرنە بەر كە باشترین هەنگاویش بەبڕوای ئەو داواكردنە لە بەغدا تا راستەوخۆ موچەی موچەخۆرانی پارێزگاكە دابین بكات.
وتیشی”ئێمە وەك پارێزگای سلێمانی لەم هاوكێشەی نەوتە هیچ سودمەندنەبوین، ئەوەی كە سودمەند دەبێت لێی تەنیا دو حزبە كە پارتی و یەكێتین، بۆیە ئێمە هەقی خۆمان هەیە لە عێراق و داوای ئەكەین، عێراقیش دەیەوێت بەهەر شێوەیەك بوە داوای مافانەی بكات كە لەدەسەڵاتی فیدراڵین با بچێت لەم دو حزبەی بسەنێتەوە نەك خەڵك ببێتە قوربانی لەو بەینەدا”.
وتیشی”مەعقول نییە ئەمانە چون بەڕێكەوتن لەسەدا 52ی خاكی كوردستانیان رادەستی عێراق كردوە بەڵام رێكەوتنیان لەسەر موچەی خەڵك نەكردوە، چونكە ئەوان تەنیا بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵەكانیان لا مەبەست بوە”.
بەشێك لەموچەخۆرانی سلێمانی لەمامۆستایان و فەرمانبەران رایانگەیاندوە كە دەست بە بایكۆتی دەوام دەكەن. غالب محەمەد ئاماژەی بەوەدا ئەگەر حكومەتی هەرێم بەردەوام بێت لەسەر دابینەكردنی موچە ئەوە خەڵكیش دێتە سەر شەقام بۆیە ئەمان پێیان باشە روبكەنە بەغدا و وتیشی ئەگەر بەغدا موچەی موچەخۆران دابین نەكات لەدادگای فیدراڵی سكاڵا تۆماردەكەین.
بەبڕوای ئەحمەدی حاجی رەشید كە بەوتەی خۆی لەلایەن فراكسیۆنەكانی كۆمەڵ، گۆڕان و بەشێك لە یەكێتییەوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی نوێنەریان بێت لە بواری داراییدا، چارەسەری ئەو پرسانەی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ رەوانەكردنی بودجە و موچە كاتی دەوێت. بەڵام بەهۆی ئەوەی پێویستی موچەی خەڵكی هەرێم بابەتێكی پەلەیە لەم هەفتەیەدا رەنگە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق دابنیشن و داوای لێ بكەن بەشێوەی سولفە پارە بدات بە هەرێم تا ئەو كاتەی ژمارە و داتای راستەقینەی موچەخۆرانی دەست دەكەوێت.
سەرچاوە:ئاوێنە