بەناز مەحمود، ئەو كچە كوردە عێراقییە تەمەن 20 ساڵەی كە لەساڵی 2006 پاش 2 كاتژمێر ئەشكەنجەدان لەماڵەكەی خۆیاندا لە لەندەن خنكێندرا و لەجانتایەكدا لە باخچەی پشتەوە نێژرا. بەم دواییانە چیرۆكی ژیانی لەلایەن رۆماننوسێكی بەریتانییەوە كراوەتە رۆمان.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی “میرۆر”ی بەریتانی کە هەفتەی رابردو بڵاویکردوەتەوە، رۆماننوسی بەناوبانگی بریتانی، مارك بیلینگام كە چیرۆكەكەی بەنازی كردۆتەوە ئیلهامی نوسینی رۆمانێك، زۆر كەوتۆتە ژێر كاریگەری چیرۆكەكە بۆیە لەلای دەبێتە هەوێنی رۆمانەكەی بەناوی “خۆشەویستی وەك خوێن (Love Like Blood)” كە باس لەوە دەكات چۆن هەمو بەیانییەك بەناز لە خەو هەڵساو و بەئەسانسۆرەكەدا هاتۆتە خوارەوە بەبێ ئەوەی بزانێت لەو رۆژەدا چی رودەدات؟ لەرۆمانەكەدا وتویەتی “بەناز هەمو خولەكێكی هەمو كاتژمێرێكی هەر رۆژەی لەنێو ترسێكی تەواودا ژیاوەو سەراپای ژیانی تراژیدیا بوە”.
وردەكاری چیرۆكەكەی بەناز ئەوەیە كە پەیوەندییەكی خۆشەویستیی لەگەڵ گەنجێكدا لەدەرەوەی بەها توندو پتەوەكانی خێزانەكەیەوە دەبەستێت و بەوەش ژیانی خۆی بەهۆی پێلەقەكانی باوك و مام و ئامۆزاكانیانەوە بۆ ئەشكەنجەدانی تاوەكو دەمرێت و دواتر تەرمەكەی دەخەنە جانتایەكی سەفەرەوە، دەكاتە قوربانی.
بەناز مەحمود پاش ئەشكەنجەدان بەپەت لە ماڵی خۆیاندا لە تاوانێكدا لەسەر شەرەف دەخنكێنرێت ئەوەش پاش ئەوەی خێزانەكەی هەست دەكەن شەرەفی لەكەداركردون بەهۆی ئەوەی داوای كردبو لە مێردەكەی جیابێتەوە كە بێ رەزامەندی خۆی شوی پێكردبو و كەوتبوە داوی خۆشەویستی گەنجێكەوە كە خۆی هەڵیبژاردبو.
بەناز گوێی لێبوە ئەندامانی خێزانەكەی لە دانیشتنێكی مشتومڕئامێزی خێزانەكەیاندا باسی پلانی كۆشتنی خۆی و تەنانەت خۆشەویستەكەیشیان كردوە. پۆلیس نامەیەكی بەدەستنوسراوی بەنازی دەستكەوتوە كە تێیدا ناوی ئەو پیاوانەی ئاشكراكردوە كە ئامادەكراون بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەركە.
پاش چەند مانگێك لە كوشتنی بەناز لە ساڵی 2006دا و ناشتنی بە قوڵی چەند پێ لەژێر زەوی باخچەكەدا لەژێر بۆرییەكانی ئاوی ماڵەكەدا كە بەهۆی لێچونی ئاوەوە لەناو جانتاكەشدا جەستەی بۆگەنی كردوە و داڕزاوە بەجۆرێك نەتوانراوە نمونەیەكی بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی دی ئێن ئەی لێوەربگیرێت.
ماچێكی بێگەرد لە دەرەوەی وێستگەی میترۆی مۆردن لە باشوری لەندەن بوە هۆی كێشانی وێنەی چارەنوسە تراژیدیەكەی بەنازی لاو ئەوەش پاش ئەوەی كەسێكی ناسراوی خۆی و خانەوادە كوردە نەریتییەكەی لەگەڵ ئەو گەنجەدا دەیبینێت كە كەوتۆتە داوی خۆشەویستییەوە.
بەناز لەدایكبوی 16/12/1985 و لەگەڵ خانەوادەكەیدا لە ساڵی 1995 لە عێراقەوە چونەتە بەریتانیا كاتێك تەمەنی 10 ساڵ دەبێت، خانەوادەكەی جگە لەخۆی لە دایك و باوك و چوار خوشك و برای بەناز پێكدێن، دواتر بەناز بەنابەدڵ دەدرێت بەشو. زۆر ناخایانێت لەهاوسەرەکەی جیا دەبێتەوەو پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کەسێکی بەرەگەز ئێرانیدا دەبەستێت، کە سەرەنجام لەسەر ئەو پەیوەندییە دەکوژرێت.
لەسەر كەیسی كوشتنی بەناز، باوكی بە 10 ساڵ زیندانی، براکەی بە 23 ساڵ زیندانی، مامو چەند ئامۆزایەکی بە 17 ساڵ زیندانیو بە زیندانی هەتاهەتایی سزادران.
برایان باركەر، دادوەر لە دادگای ناوەندیی تاوانەكانی ئینگلتەرا و وێڵز لەكاتی دەركردنی حوكمەكەیاندا بە تۆمەتبارانی وت”كارەكەتان كارێكی بەربەریانە بوە، رێز گرنگترە لە پەیوەندی گۆشت و خوێن”.
پاش روداوەكە خۆشەویستەكەی بەناز كە بەرەگەز ئێرانییە و ناوی رەحمەت سلێمانی-یە، ناچار كرا خۆی لەژێر ناوێكی دیكەدا حەشاربدات و لەلایەن پۆلیسەوە پارێزگاری بكرێت. لە چاوپێكەوتنێكدا وتبوی كە “پاش كوژرانی بەناز توانای ژیانی نەماوە”. ساڵی رابردوش، پاش 10 ساڵ لەكوژرانی خۆشەویستەكەی، بەپەت خۆی هەڵواسیو خۆی كوشت.
سەرچاوە:ئاوێنە