لە هەر ٤٠ چرکەیەکدا کەسێک لە جیهاندا کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، لەگەڵ خۆکوشتنى هەر کەسێکیشدا ٢٠ کەسى تر هەوڵى خۆکوشتن دەدەن.
لە ڕۆژى جیهانى ڕێگریکردن لە خۆکوشتندا ڕێکخراوى تەندروستى جیهانیى ئامارێکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ساڵانە نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس خۆیان دەکوژن.
بە وتەى ڕێکخراوەکە لە ٧٨%ى حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە وڵاتانی هەژار و ئابوری مام ناوەندا ڕوودەدەن و ٢٢%ش لە وڵاتانی ئابوری بەهێز و پێشکەوتوودا، جگە لەوەى کە خۆکوشتنى بە دیاردە ناوبردووە، لە هەمان کاتدا بە دووەم هۆکاری سەرەکی مردنیش لە سەرتاسەرى جیهاندا دەستنیشانى کردووە، بە تایبەت لەناو ئەو کەسانەدا کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٩ ساڵیدایە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی خۆکوشتنى بە کێشەیەکی تەندروستی گشتیی جدی ناوبردووە و دەڵێت ڕێژەى خۆکوشتن لە نێو کۆچبەران و ئاوارەکاندا زیادیکردووە، بەڵام ئەو وڵاتانەشى لێدەرنەکردووە کە بەدەست قەیرانى داراییەوە دەناڵێنن.
لە هەرێمى کوردستانیش بەپێی ئاماری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ تەنیا لە دوو مانگى ڕابردوودا ١٤ کەس خۆیان کوشتووە و دوو کەسیش هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.
دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤى هەرێم بەکارهێنانى چەک و بەردەوامى قەیرانى دارایی و سیستەمى پاشەکەوتکردنى موچەى بە هۆکارى زیادبوونى حاڵەتەکانى خۆکوشتن لە هەرێمى کوردستان دەستنیشانکردووە.
بەپێى ڕاپۆرتى ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى، جگە لە قەیرانى دارایى، نەخۆشیە درێژخایەنەکان یەکێکى ترە لە هۆکارەکانى خۆکوشتن کە بەڕێژەى ٢٨% هانى گەنجان دەدات بیر لە خۆکوشتن بکەنەوە.
بە وتەى ڕێکخراوەکە لە سەر ئاستى جیهان بەکارهێنانى دەرمانى قڕکەرى مێرو و خۆخنکاندن و چەک یەکێکن لە زۆرترین کەرەستەکانى خۆکوشتن.
رێکخراوى تەندروستى جیهانى ڕێگرتن لە خۆکوشتنى بە یەکێک لە پرسە گرنگە تەندروستیەکان و کارى لە پێشینەى داناوە و ساڵانە لە ڕێى ڕاپۆرتەکانیەوە وڵاتان هاندەدات و هاوکاریان دەکات لە پەرەپێدان و ئامادەکردنى بەرنامەى گشتگیر بۆ کەمکردنەوەى ڕێژەى خۆ کوشتن لە سەرتاسەرى جیهاندا.
وڵاتانى ئەندام لە ڕێکخراوەکەدا پابەندبوونى خۆیان بە پلانى ڕێکخراوەکەوە نیشانداوە و بە نیازن تا ساڵى ٢٠٢٠ دیاردەى خۆکوشتن بە ڕێژەى لەسەدا ١٠ کەم بکەنەوە.