سەلاحەدین دەمیرتاش لەیەکەم چاوپێکەوتنى خۆیدا لەدواى حەوت مانگ زیندانى، داوا لە گەل و هەموو دۆستانى دەکات بە مۆڕال و ورەيەكى بەرز بە بوێرانە لەدژى فاشيزم بوەستنەوە.
سەڵاحەدين دەميرتاش هاوسەرۆكى گشتى هەدەپە كە نزيكەى حەوت مانگە زيندانيكراوە دەڵێت “بۆ ئەو ترس و تۆقاندنە بڕوخێنم كە ويستيان بەدەستگيكردنى ئێمە لەناو كۆمەڵگادا بڵاوى بكەنەوە، بەتايبەتى گرنگيم بە هونەر و ئەدەبياتدا”.
هەروەها دەشڵێت لەوەشدا ويستم ئەو پەيامە بڵاوبكەمەوە، “لەناو حوجرەكانى زيندان دەست و پێمان لە ترسان نالەرزێت، مۆڕاڵمان بەرزە.”
دەميرتاش ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە بەم دواییانە ڕێگاى دەدەن ڕۆژانە ١٠ خولەک لەگەڵ خانەوادەکەى قسە بکات، بەڵام وەک خۆى دەڵێت ئەو ١٠ خولەکە زوو تەواو دەبێت.
هاوسەرۆکى گشتى هەدەپە ئەوەشى وتووە، کە نامەیەکى زۆرى لە چین و توێژە جیاوازەکانەوە لەناوەوەو دەرەوەى وڵاتەوە بۆ هاتووە، بەڵام لەبەر زۆرى نامەکان بەکورتى وەڵامیان دەداتەوە.
دەمیرتاش ئەوەشى وتووە، لەگەڵ هاوژين و كچەكانم بەيەكەوە قسە دەكەن و دەشڵێت “لەم ماوەيەى دوايى كچى گەورەم دەلال كە فێرى ژەنينى كەمان بووە، لە تەلەفۆنم كەمانم بۆ دەژەنێت و دڵداى كچە بچووكيشم گيتار دەژەنێ”.
ئەمەش دەقى چاوپێکەوتنەکەیە..
پرسیا: لەو كاتەى زيندانيكراويت چەند پەرتووكت خوێندۆتەوە؟ زياتر چ جۆرە پەرتووكێك دەخوێنيتەوە؟
دەميرتاش: بە تەواوى ژمارەى پەرتووكەكان نازانم، بەڵام پێموايە نزيكەى ١٠٠ پەرتووكم خوێندۆتەوە، هەوڵ دەدەم هەموو جۆرە پەرتووكێك بخوێنمەوە، كەچى زياتر رۆمان دەخوێنمەوە.
پرسیار: لەناو ئەو كەسانەى سەردانيان كردووى ناوێك هەيە چاوەڕێت نەكردبێ سەردانت بكات؟
دەميرتاش: جگە لە سەردانى پارێزەرانم تەنيا خانەوادەكەم سەردانم دەكات. هەڤاڵانى پارێزەرم كە بە ساڵانە نەمبينيوون سەردانم دەكەن و بە گاڵتە دەڵێن “خودا خێرى دەوڵەت بنووسێ، كە دەستگيريان كردى تاوەكو بە ئاسانى ديدارت لەگەڵ بكەين”. بەڵام بەبيانووى جێبەجێكردنى ياساكانى بارودۆخى نا ئاسايى، سەردانى مام، خاڵ، پوور و خزمەكانم قەدەخەكراوە. تەنيا بۆ خانەوادەكەم هەيە سەردانم بكات. بەهۆى بارودۆخى نائاسايى پێشێڵكارى و گوشارەكان گەيشتوونەتە لوتكە. ئێمە لەناو زيندان ئەمە دەبينين.
پرسیار: نامەت لە بەرپرسيارێكى ئاكەپە بۆ هاتووە؟
دەميرتاش: لە توێژە جياوازەكانى كۆمەڵگا پەيام و نامەم بۆ دێت، بەسەدان كەس نامەم بۆ دەنێرن كە خۆيان بە ئەندامى ئاكەپە، جەهەپە و بگرە مەهەپە دەناسێنن. ئەوەش زۆر دڵخۆشم دەكات. بەڵام هەندێك بەرپرسانى ئاكەپە كە بە ساڵانە لەناو سياسەت دەيانناسم و خۆيان بە دادپەروەر، ديموكراتخواز نيشان دەدەن، نەوەكو پەياميان بۆ نەناردووم، بەڵكو وەكو ئەوەى گرێيەك لە زمانيان هاتبێ زمانى خۆيان گرتووە. لەهيچ بەرپرسێكى باڵاى ئاكەپە نامەم وەرنەگرتووە.
پرسیار: جگە لە ديدارى پارێزەر و خانەوادەكەت مافى قسەكردنت بە تەلەفۆن هەيە، بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ كێ دەكەيت؟
دەميرتاش: لەبەر ئەوەى لە ماوەى ١٥ رۆژدا بۆم هەيە ١٠ خولەك قسەبكەم، لەگەڵ هاوژينەكەم بە تەلەفۆن قسە دەكەم. لەبەر ئەوەى بەروارى تەلەفۆنەكە پێشوەخت ديارى دەكرێت، لەگەڵ هاوژين و كچەكانم بەيەكەوە قسە دەكەين. لەم ماوەيەى دوايى كچى گەورەم دەلال كە فێرى ژەنينى كەمان بووە، لە تەلەفۆنم كەمانم بۆ دەژەنێن. دڵداى كچە بچووكيشم گيتار دەژەنێ. لەگەڵ تەواوبوونى ١٠ خولەك تەلەفۆن لەخۆوە دەبڕێت.
پرسیار: تا ئەمڕۆ چەند نامەت بۆ هاتووە؟
دەميرتاش: ژمارەيان بە تەواوەتى نازانم، بەڵام بە هەزاران نامەم بۆ هاتووە.
پرسیار: لە كام وڵات نامەت بۆ هاتووە؟
دەميرتاش: لەمبارەيەوە ناتوانم ئامارێك بخەمەڕوو، بەڵام بە دەگمەن نەبێ لە هەموو وڵاتانى ئەوروپا، كەنەدا، ئەمريكا و ئوستوڕاليا بە دەيان نامەم بۆ هاتووە.
پرسیار: چۆن وەڵامى نامەكان دەدەيتەوە؟ بە گشتى وەڵاميان دەدەيتەوە؟
دەميرتاش: وەڵامى بەشێكى زۆرى نامەكان دەدەمەوە، لەگەڵ ئەوەش، لەبەر ئەوەى ژمارەى نامەكان زۆرە بە پەيامى كوورت وەڵامى هەندێكيان دەدەمەوە. هەموو ئەو نامانەى دێن هەڵدەگرم. چەكمەجەى دۆڵابەكەم پڕ بووە لە نامە. لەناو سيستەمێكدا هەموويان بە ئەرشيف دەكەم.
پرسیار: دەتوانى باسى سەرسامترين نامە بكەيت كە بۆت هاتووە؟
دەميرتاش: هەموو نامەكان بۆ من مايەى سەرسامين و واتادارن، جگە لەوە جياكاريەكى بەم شێوەيەم لەنێوان نامەكان ناكەم.
پرسیار: بە زمانى جياواز نامەت بۆ هاتووە؟
دەميرتاش: بە گشتى نامەكان بە زمانى توركى، كوردى و ئينگليزينە. زۆربەيان بە زمانى توركين.
پرسیار: كامە نامە لە هەموويان زياتر هەست بزوێن بوو؟
دەميرتاش: هەموو نامەكان هەست بزوێنن.
پرسیار: خەباتى هونەريت چۆن بەڕێوەدەچێت؟
وەڵام: خەباتى هونەريم بە رۆحێكى ئەماتۆرانە و بۆ ئامانجێكى دياريكراو بەڕێوەدەبەم. رشتبوون لە سياسيەتدا بە خۆ توڕەكردن نابێ، بەڵكو بە رشت وەرگرتنى ئەو كارە دەكرێت كە ئەنجامى دەدەيت.
لەم روانگەيەوە پێموايە تەنزە لێدان كارى هەرە رشتە. يەكێك لە گرنگترين ئامرازەكانى سياسەت، ژيان و ململانێ تەنزە لێدانە. تەنزە لێدان كارێكى زيرەكانەيە كە فاشيزم ناتوانێ بەرەنگارى ببێتەوە و بەسەريدا زاڵ بێت.
رێگاى هەر كوورت و راستە بۆ گەيشتن بە كۆمەڵگا. ئەدەبياتيش بەم شێوەيە. لە رۆژى ئەمڕۆماندا زمانى سياسەت قەبە، ناشيرين، نكۆڵيكەر و نێرانەيە، بەڵام هونەر بەسەر هەموو پشكۆكانى سياسەت تێپەڕدەبێت و كارى گرنگ ئەنجام دەدات.
من بەبێ ئەوەى سەيرى سەركەوتن و بنكەوتن بكەم، بە بچووكيش بێ ويستم هونەر و ئەدەب ئاوێتەى يەكتر بكەم. هەوڵمدا هەڤاڵانى گەنجم كە ويستيان لەناو سياسەتدا من بە مۆدێل نيشان بدەن بەرەو هونەر و ئەدەبيات هانبدەم.
پرسیار: لەم بارودۆخەدا چ هۆكارى پاڵى پێوەناى بەرەو هونەر بچيت؟
دەميرتاش: بۆ ئەو ترس و تۆقاندنە بڕوخێنم كە ويستيان بەدەستگيكردنى ئێمە لەناو كۆمەڵگادا بڵاوى بكەنەوە، بەتايبەتى گرنگيم بە هونەر و ئەدەبياتدا. لەمەدا ويستم ئەو پەيامە بڵاوبكەمەوە: لەناو حوجرەكانى زيندان دەست و پێمان لە ترسان نالەرزێت. مۆڕالێمان بەرزە، ورەمان بەرزە و ناترسين. ئەگەر چى لێرەدا دەرفەت زۆر كەمە، بەڵام ديسان هەوڵمدا كات بۆ هونەر و ئەدەبيات تەرخان بكەم.
بە ئەرێنى يان نەرێنى رووبەڕوى ژمارەيەكى هێجگار زۆرى رەخنەى بەهادار دەبمەوە. ئەوەش زياتر هانم دەدات. تاكە رەخنە كە بە راستى نازانم ئەو رەخنەيەيە كە پێيوايە خەريك بوون بە وێنە و ئەدەبيات لە زيندان شايانى جديەتى سەركردەيەكى سياسى وەكو من نيە.
بەم بۆنەيەوە، جارێكى ديكە لەهەر كوێيەك بن داوا لە گەل و هەموو دۆستانم دەكەن، بە مۆڕال و ورەيەكى بەرز بە بوێرانە لەدژى فاشيزم بوەستنەوە، لەگەڵ “عەبدولڵا زێدان”ى هەڤاڵم بەيەكەوە سڵاو رێزى خۆمان دووپات دەكەينەوە.
دەميرتاش كە لە چوارى تشرينى دووەمى ٢٠١٦ زيندانيكراوە و بە كەسێكى گرنگى سياسەتى توركيا لە قەڵەم دەدرێت، بە شێوەيەكى نووسراو وەڵامى پرسيارەكانى ئاژانسى هەواڵى ديجلە (DİHA) دايەوە:
وەرگێڕانى لە توركيەوە، هێمن خۆشناو