ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئەمنیستی ڕایگەیاند، وا دەردەکەوێت کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش شکست دەهێنێت لە پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە موسڵ و وتیشی هێرشی ئاسمانی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەچێتە خانەی تاوانی جەنگەوە.
ئەمنیستی ئاماژەی بەوە کرد، وادیارە کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش شکست دەهێنێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە موسڵ.
ڕێکخراوەکە بەڵگەی لایە کە بەهۆی هێرشی ئاسمانییەوە لە موسڵ خانو وێرانکراوە لەکاتێکدا تەواوی خێزانەکەی تێدابووە، بەپێی وتەی شایەتحاڵەکانیش سەدان کەس لەم مانگەدا بەهۆی بۆردومانەکانەوە کوژراون.
هیند ئەمیر ئەحمەد کە ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵە بە ئەمنیستی وتووە، بەهۆی بۆردومانێکەوە ڕۆژی ١٣ی مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو ١١ خزمی نزیکی لەدەستداوە، بۆردومانەکەش لەکاتێکدا بووە کە ئەوان لەماڵەوە خەوتوون.
هاوکات بەپێی ئەمنیستی، بەهۆی بۆردومانێکی دیکەوە کە ڕۆژی ٦ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەنجامدراوە لە ڕۆژهەڵاتی موسڵ، ١٦ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.
دۆناتێلا رۆڤێرا کە ئەندامێکی ڕێکخراوەکەیە و لێکۆڵینەوە مەیدانییەکەی لە موسڵ ئەنجامداوە وتی، گیانلەدەستدانی هاوڵاتیانی مەدەنی بەم ڕێژەیە ئەوە نیشاندەدات کە هاوپەیمانی دژی داعش شکست دەهێنێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە موسڵ.
هەروەها وتیشی، پێشتر هاوپەیمانی دژی داعش داوایان لە هاوڵاتیانی مەدەنی کردووە کە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و ئەوەش ئەوە دەردەخات کە هاوپەیمانی دژی داعش زانیویەتی هێرشەکانیان ئەگەری هەیە ببێتە هۆی کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتی مەدەنی.
ڕاشیگەیاند، هێرشی نەگونجاو و هەڕەمەکی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی پێشێل دەکات و ئەگەری هەیە بە تاوانی جەنگی ئەژماربکرێت.
ئەمەش لەکتێکدایە کە سێ رۆژ لەمەوبەر بەهۆی زیادبوونى ڕێژەى بەرکەوتووان لە ڕیزى هاوڵاتیانى مەدەنیدا ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى موسڵ ڕاگیرا.
ئەو بڕیارە دواى ئەوە هات کە لە نێوان ١٧ بۆ ٢٣ى ئەم مانگەدا لە ئاکامى بۆردومانێکدا بۆ سەر چەکدارانى داعش لە بەرى ڕۆژئاواى موسڵ دوو خانوو بەرکەوتن کە پڕبوون لە خەڵکى مەدەنى.
بەرپرسانى سەربازى و ئیدارەى عێراقیش وتیان بەهۆى بۆردومانەکەوە زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیانى دیکەش برینداربوون.
هەروەها هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەن و وردبینى بۆ ڕاستى و دروستى ئەو ڕاپۆرتانە دەکەن کە باس لەوە دەکەن خەڵکێکى زۆر لە گەڕەکى موسڵى کۆن بوونەتە قوربانى.
لە لایەکی دیکەوە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی نەینەوا لە بەیانامەیەکدا بڵاویکردەوە، تیمەکانیان پشکنینیان لەو ماڵانە کردووە کە لە موسڵی کۆن ڕووخاون و هیچ بەڵگەیەک نەبووە کە بەهۆی هێرشی ئاسمانیەوە ماڵەکان ڕوخابن بەڵام ئوتومبیلێکی چەکدارانی داعش لە نزیک ماڵەکان تەقێندراوەتەوە.
بە گوێرەی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی نەینەوا چەکدارانی داعش ماڵەکانی ئەو ناوچەیەی بۆمبڕێژکردووە و هاوڵاتیانی لەو ماڵانەدا وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکارهێناوە.